سەرۆکی گشتی هودا پار: پرسی کورد بوونی هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت
زەکەریا یاپجیئۆغلو سەرۆکی گشتی هودا پار لە میانەی بەشداری لە ٥مین کۆنگرەی ئاسایی مەڵبەندی پارێزگای باتمانی حیزبەکەی ڕایگەیاند کە دوای پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر گرنگترین کار کە دەبێت بکرێت ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێیە.
٥مین کۆنگرەی ئاسایی مەڵبەندی پارێزگای باتمانی هودا پار بە دروشمی "سیاسەتی ڕاست، دادپەروەری ڕاستەقینە" بە بەشداری زەکەریا یاپجیئۆغلو سەرۆکی گشتی هودا پار لە باتمان بەڕێوەچوو.
بەرنامەکە لە ناوەندی کەلتووری پارێزگای باتمان بە خوێندنی قورئانی کەریم دەستیپێکرد. لە کاتی کۆنگرەکەدا سەرکان رامانلی پەرلەمانتاری باتمان و وتەبێژی هودا پار، ئیسحاق ساغلام جێگری سەرۆکی گشتی هودا پار، محەمەد شاه گولتەکین یاریدەدەری سەرۆکی گشتی هودا پار، عبدالرحمان جەوهەر ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی هودا پار، ئەیوب یاناچ ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاری هودا پار، سەمیر ئۆزهان سەرۆکی شارەوانی قەزای عەینکاف (کایاپنار)، نوێنەرانی حیزبەکانی سیاسی، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی مەدەنی، زانایان و ژمارەیەکی زۆر ئەندامانی حیزبەکە و هاوڵاتی ئامادە بوون.
زەکەریا یاپجیئۆغلو سەرۆکی گشتی هودا پار لە میانەی بەشداری لە کۆنگرەکە وتارێکی پێشکەش کرد و باس لە ئامانج و چالاکییەکانی حیزبەکەی و چەند پرسێکی گرنگی ڕۆژەڤ کرد.
"ئازادیی ئاڵوودەکردنی کەسانێکی دیکە بەو گومڕاهییە ناناسین"
یاپجیئۆغلو ناڕەزایەتی دەربڕی لە بەرامبەر پشتگری هەنێک لە لایەنەکانی سیاسی لە گومڕاهانی هاوڕەگەزخواز و وتی، "هەنێک لە سەرۆکانی گشتی هەست بەوە دەکەن کە دەبێت پشتگری لەو کەسانە بکەن. لە ڕاستیدا ئەو شتەی ئەوان دەکەن تێکۆشانی مانەوە نییە. ئەوان هەر لە ڕابردوودا هەبوون. لە سەردەمی حەزرەتی لووت هەبوون، ئێستاش هەن و بەردەوامن لە هەبوون. ئەوان تێکۆشانی مانەوە نادەن بەلکو هەوڵ دەدەن بە سەر کۆمەڵگا بسەپێنن کە ئەوان باشتر و بەرزترن لەو کەسانە کە وەک ئەوان نین. ئەوان هەوڵ دەدەن ئەم گومڕاهییە بە سەر منداڵەکانمان بسەپێنن. چۆن سەرۆکانی گشتی قسە ناکەن؟ ئێستا من قسە دەکەم. من لێرە لە باتمانەوە وەک سەرۆکی گشتی هودا پار دەڵێم: ئەو شتەی ئێوە وەک ئازادی وەسف دەکەن ئێمە وەک گومڕاهی وەسف دەکەین. ئازادیی ئاڵوودەکردنی کەسانێکی دیکە بەو گومڕاهییە ناناسین. ڕێگە نادەین کە منداڵەکانمان، گەنجەکانمان بکەونە ناو تەڵەی ئێوە."
جینۆساید لە غەززە
یاپجیئۆغلو لە بەردەوامی باس لە جینۆساید بەردەوام لە غەززە کرد و وتی، "وەک دەزانن دوای ئۆپڕاسیۆنی تۆفانی ئەقسا لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەست بە هێرشێکی چڕ بۆ سەر غەززە کرا و نزیکەی تەواوی غەززە ڕوخێنرا. زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس شەهید بوون. تەرمی دەیان هەزار کەس لە ژێر داروپەردووکاندایە و ناتوانرێن دەربهێنرێن. دوای تێپەڕینی ٣ ساڵ، ٢ ساڵ پێشتر لە مانگی ئۆکتۆبەردا لە میسر ئەنجومەنێکی ئاشتی دامەزرا. بە پێی ئەمە دەبووایە ئاگربەست ڕابگینرێت، هێرشەکان بوەستن، ڕۆژانە ٦٠٠ بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بچنە ناو غەززە، غەززە دووبارە ئاوادان بکرێت، سیستەمی تەندروستی چاک بکرێت و بریندارەکان بۆ چارەسەری بگوازرێنەوە شوێنەکانی گونجانتر. لە بەرامبەردا حکومەتی غەززە واتە حکومەتی حەماس قبول دەکات بەڕێوبەرایەتی ڕادەستی حکومەتێکی تێکنۆترات بکات. قۆناغ بە قۆناغ دەبووایە ئەم شتانە جێبەجێ بکرێن. بەڵام لە دوای قۆناغی ئاگربەست تاوەکو ئێستا ١٥٠٠ کەس شەهید بوونەتە. لە ماوەی ساڵێکدا.
جینۆساید ڕانەوەستاوە، بەردەوامە. دەبوا ڕۆژانە ٦٠٠ بارهەڵگر بچێتە ناو غەززە. بەڵام ڕۆژانە ١٠٠-١٥٠ بارهەڵگری هاوکاری دەچێتە ناو غەززە. ئەو بارهەڵگرانەش ئەو کاڵانە نین کە بە سەر مرۆڤەکان دابەش بکرێن بەڵام کاڵاکانی بازرگانین. بۆ نموونە برنج و ئارد ناچێتە ناو غەززە. شتەکانی وەک بسکیت و شوکولاتە و چپسن. ئەو بۆ ئەوەی وەک کاڵای بازرگانی بفڕۆشرێت دەگوازرێتەوە ناو غەززە. لەوێ کار نییە. لەگەڵ تەواوی بێ دەرفەتییەکان قوتابخانەکان کرانەوە. خوێندکاران دووبارە دەستیان بە خوێندن کرد. بەڵام قوتابخانە نییە، کەلوپەلی نووسین نییە. لە سەدا ٧٠ی غەززە ڕوخاوە یان داگیر کراوە. ئەنجومەنی ئاشتی دەڵێت؛ 'حەماس دەبوا چەکەت دانێ، چی بوو؟ بۆ چی بەڵێنەکە بەجێ ناهێنی؟' ئایا هێرشەکان ڕاوەستاون؟ ئایا هاوکاری دەچێتە ناو غەززە؟ ئایا چیمەنتۆ بۆ دروستکردنی تەنانەت باڵەخانەیەکیش چووە ناو غەززە؟ نەخێر. ئایا دوو وشە بەو سەهیۆنیانە ناڵێی؟ تەنها قسەت بۆ ئەو کەسانە هەیە کە هەموو ڕۆژێک دەکوژرێن و چاوەڕوانن کە بۆمەکەی دیکە کام کات دێت؟ ئایا تەنها داوات لەوان هەیە؟
غەززە لەبیر نەکەن، ڕێگە نەدەن لەبری بکرێت، با هەموو کاتێک لە ڕۆژەڤتان بێت. هەموو کاتێک بۆیان دوعا بکەن. ئێستا غەززە وەک ٢ ساڵ پێشتر، وەک ٣ ساڵ پێشتر پێویستی بە هاوکاری ئێوە هەیە. هەرچی لە دەستتان دێت تکایە بکەن. إن شاء الله دەستپێکی کۆتایی هاتنی سەهیۆنییەکانە. ئەوان زەمینەی شەرعەییەتیان لەدەست داوە. إن شاء الله، ئیتر ئەوان لە لایەن زیاتر کەس و حکومەت وەک نایاسایی قبول دەکرێن. إن شاء الله، ڕۆژێک ئەو داگیرکارییە بە گشتی کۆتایی دێت."
پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر
یاپجیئۆغلو لە بەردەوام لە سەبارەت بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە نزیکەی ٢ ساڵە بەردەوامە وتی، "پێشهاتەکانی ناو پەرلەمان و دامەزراندنی کۆمسیۆن و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ئەو کۆمسیۆنە بە کۆمەڵی گشتی و قبوڵکردنی وەک یاسا لە کۆمەڵەی گشتیدا، هیوادارین کۆتایی سەردەمێک بێت. بەهیوای ئەوەی کەوانەى زیاتر لە ٤٠ ساڵ توندوتیژی خەریکە کۆتایی پێبێت. تەنانەت کاتێک دەگوترا 'شتێک بە ناوی پرسی کورد نییە'، تەنانەت کاتێک کارنامەی هەمووان بۆ شوێنێکی دیکە گواسترایەوە، ئێمە بە بەردەوامی ئەو پرسەمان لە بەرنامەی کاردا هێشتەوە. وتمان ئەم پرسە بوونی هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت. توێژینەوە ئەنجام درا، بەرنامە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ڕێکخرا. بەڵام ئێمە پێداگریمان کرد کە چارەسەری ئەم پرسە چەک نییە، توندوتیژی نییە. لە کۆتاییدا لەم خاڵەدا کۆدەنگییەکی بەرچاو لەسەر پێویستی لابردنی چەک و توندوتیژی لە هاوکێشەکەدا هاتووە. زۆرینەیەکی زۆری خەڵک هاوڕان لەسەر ئەوەی، بەڵێ، چەک و توندوتیژی هۆکاری بنبەست و لەڕاستیدا، یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم چارەسەرکردن."
هەروەها وتی، "بەڵام ئەم پرسە دوو لایەنی هەبوو: یەکێکیان کۆتاییهێنان بە توندوتیژی بوو، ئەوی دیکەیان دووبارە دامەزراندنەوەی برایەتی بوو. ئێمە ڕامانگەیاند کە دەبێت توندوتیژی کۆتایی بێت، ڕێکخراوەکە هەڵبوەشێنرێتەوە و دەسەڵاتی برایەتی جێگیر بکرێت. هەروەها پێویستی دامەزراندنی حوکمی برایەتیش لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکەدا هاتبوو کە پەرلەمان ئامادەی کردبوو. پاشان، حوکمی برایەتیش لە وتار و لێدوانی کەسایەتییە فەرمییەکاندا جێگیرکرا. هیوادارین دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکە بە ٤٦٧ دەنگ لەلایەن پەرلەمانەوە قبوڵ کرا، گەڕانەوە بۆ دواوە نەبێت. لەکاتی قسەکردنمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتە سیاسییە جیاوازەکانی پەرلەمان لەو ڕۆژەدا، گوتمان 'پیرۆزبێت'. یەکێکیان پرسیاری کرد جەنابی سەرۆک ئەم ٤٦٧ دەنگە مانای چییە؟ وتم: واتە لەکارخستنی گێڕی پێچەوانەی ئۆتۆمبێلێک کە لە ئێستاوە دەجووڵێت. بەهیوای ئەوەی هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە لەم پرۆسەیە نەبێت. دوای ئەوەی بە دەنگێکی وەها بەرز و بەو پشتیوانییە زۆرە و بە پشتیوانی لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بە پەرلەماندا تێپەڕی، ئێستا پێویستە ئەوەی پێویستە بیکەین."
یاپجیئۆغلو لە بەردەوامی ڕایگەیاند کە دوای پرۆسەکە گرنگترین کار کە دەبێت بکرێت ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێیە.
یاپجیئۆغلو لە کۆتاییدا وتی، "خوای گەورە خۆڕاگریمان پێ ببەخشێت لە هەنگاوەکانمان لەسەر ئەم ڕێگایەی دەستمان پێکردووە بۆ فراوانکردنی سیاسەتی گەل سەنتەر و دادپەروەریمان، بۆ ئەوەی ڕۆژانە بگەینە خەڵکی زیاتر و زیاتر، هەوڵ و هەوڵەکانمان زیاتر بکات بۆ ئەوەی شادی بۆ دڵی دۆستان و ان شاء اللە ئارامی بۆ هەموو وڵاتەکەمان."
دوای وتارەکان دەنگدانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی مەڵبەندی پارێزگای باتمان بەڕێوەچوو. دەنگدانەکە بە شێوەی تاک لیست ئەنجام درا. داوود شاهین سەرۆکی ئێستای مەڵبەندەکە خۆی وەک کاندید تۆمار نەکردبوو و محەمەد ئەمین دۆغرو وەک سەرۆکی نوێی مەڵبەندی باتمانی هودا پار هەڵبژێردرا.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
سبەی یەکشەممە لە هەرێمی کوردستان یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ئەمساڵی خوێندن دەبێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، تەواوی وردەکاریی گۆڕانکاریی پرۆگرامەکان، ژمارەی مامۆستایان، ئامارەکانی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی بڵاو کردەوە.
چەند ڕۆژ پێشتر لە بازاڕی ئاژەڵانی دیاربەکر لە نێوان دوو گروپ شەڕ ڕووی دابوو. لە ئەنجامی هەوڵەکانی هودا پار لایەنەکان ئاشتییان کرد.
پاسێک کە لە ئیستانبوولەوە بەرەو دیاربەکر دەڕۆیشت، لە گەڕەکی ئیشکلار لە ڕێگای مەڕمەڕەی باکوور، خۆی کێشا بە بەربەستێک و ئاگری گرت. لەئەنجامی ڕووداوەکەدا ٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.