وەزارەتی تەندروستیی غەززە: ٥ هەزار حاڵەتی بڕینەوەی ئەندام هەیە و ١٠ هەزار نەخۆش پێویستیان بە شیاندنەوەی درێژخایەن هەیە
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند، جەنگی کۆمەڵکوژی دژی کەرتی غەززە کارەساتێکی مرۆیی و تەندروستیی بێپێشینەی لێ کەوتووەتەوە و ژمارەی بریندارەکان، بەتایبەت حاڵەتەکانی بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستە و پێکانە دەماری و دڕکەپەتکییەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندی فەلەستین بە پشتبەستن بە وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند، کە خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری سروشتی و شیاندنەوەی پزیشکی لە غەززە چیتر تەنیا خزمەتگوزارییەکی تەواوکەری نییە، بەڵکوو بووەتە دەمارێکی ژیانی بۆ هەزاران بریندار و یەکەمین هێڵی بەرگری بۆ ڕێگریکردن لە کەمئەندامبوونی هەمیشەیی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تا ئێستا نزیکەی ٥ هەزار حاڵەتی بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستە، لەوانەش حاڵەتەکانی بڕینەوەی دوولایەنە و حاڵەتە ئاڵۆزەکانی ڕزگارکردن و چارەسەری ئەندامەکان، لە کەرتی غەززە تۆمار کراوە. هەروەها ژمارەی پێکانە دەماری و دڕکەپەتکییەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠٠ حاڵەت.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە وتیشی کە نزیکەی ١٠ هەزار نەخۆش و بریندار پێویستیان بە بەرنامەی چڕ و درێژخایەنی شیاندنەوە هەیە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ناوەند و دامەزراوە تەندروستییەکان و دەرچوونی زۆرەملێی زۆربەی ناوەندە پسپۆڕییەکانی شیاندنەوە لە بازنەی خزمەتگوزاری، هەزاران نەخۆش و برینداری خستووەتە مەترسیی لێکەوتەی سەختەوە.
کەمبوونی سەختی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان، ئامرازە یارمەتیدەرەکانی جووڵە و قەرەبووکەرەوە و ئەندامە دەستکردەکان، لە پاڵ ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر گەشتی نەخۆشەکان بۆ چارەسەر لە دەرەوەی کەرتی غەززە، دۆخەکەی بۆ بریندارەکان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت سەختتر کردووە.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بەپەلە هەماهەنگی و دەستێوەردان بکەن بۆ هێنانە ناوەوەی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکانی پێویست بۆ شیاندنەوە و ئەندامە دەستکردەکان بۆ کەرتی غەززە.
هەروەها ئەم وەزارەتە جەختی لەسەر پێویستیی کردنەوەی دەروازەکان کردەوە بۆ ئاسانکاریی گەشتی ئەو نەخۆشانەی دۆخیان سەختە و پێویستیان بە ناوەندە پێشکەوتووەکانی شیاندنەوە و چاندنی ئەندامە دەستکردەکان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە لە درێژەدا پێزانینی خۆی بۆ ستافەکانی چارەسەری سروشتی و شیاندنەوەی پزیشکی لەم ناوچەیە دەربڕی و وتی ئەم هێزانە سەرەڕای جەنگ و وێرانکاری، چالاکییەکانی خۆیان نەپچڕاندووە و تەنانەت لە نێو داروپەردوو و خێوەتەکانیشدا بە بەکارهێنانی ئیمکاناتی سەرەتایی، هەوڵیان داوە بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان و گەڕاندنەوەی توانای جووڵە و سەربەخۆییان.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە پێداگریی پسپۆڕانی چارەسەری سروشتی لەسەر بەردەوامبوونی چالاکییەکانیان لە دۆخی بۆردومان، شەهیدبوون، دیلێتی، ئاوارەیی و لە سەختترین دۆخدا، دیمەنێکی دیاری پەیامی مرۆیی و ئەرکی نیشتمانیی ئەوانە.
لە کۆتاییدا وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین جەختی لەوە کردەوە کە پاڵپشتیکردنی ستافەکانی چارەسەری سروشتی و دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست بۆ بەردەوامبوونی چالاکییەکانیان، پێویستییەکی ئەخلاقی و مرۆییە و هیچ جۆرە دواکەوتنێک هەڵناگرێت.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣یەوە لە کەرتی غەززە گەشتە ٧٣ هەزار و ٦٦٢ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٧٤ هەزار و ٦٢٧ کەس.
رژێمی سەهیۆنی ١٢ فەلەستینی کە لە غەززە بە دیل گیرابوون، ئازاد کرد.
هێرش بۆ سەر دامەزراوە وزەییەکانی سعوودیە لە باشووری ئەو وڵاتە.