ئایەتولڵا خامنەئی: پرسی فەڵەستین قەد لە بیر ناکرێت

ئایەتولڵا خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەهۆی رۆژی جیهانیی قودس وتارێکی پیشکەش کردەوە.
ئایەتولڵا خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەهۆی رۆژی هەینیی کۆتایی مانگی رەمەزان کە وەکو رۆژی جیهانیی قودس یاد دەکرێت وتارێکی پیشکەش کردەوە و باسی لەوە کرد، پرسی فەڵەستین قەد لە بیر ناکرێت و دۆخی ڕژێمی زایۆنیستی لە داهاتوودا دژوارتر دەبێت.
دەقی وتارەکەی ئایەتولڵا خامنەئی بەم شێوازەیە:
"بسم اللە الرحمن الرحیم
والحمدلله رب العالمین و صلی الله علی محمد و آله الطاهرین و صحبه المنتخبین و من تبعهم باحسان الی یوم الدین.
سڵاو بۆ سەرجەم برایان و خوشکانی موسڵمان لە سەرتاسەری جیهان دەنێرم و لە خودای گەورەش داواکارم نوێژ و ڕۆژووەکانی ئەوان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان قبووڵ بکات و پیرۆزبایی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانیش لەوان دەکەم و خودای بەخشندەش بە بۆنەی نێعمەتی بەشداری لەم میوانییە خوداییەدا سوپاس دەکەین.
ڕۆژی قودس، ئەڵقەی یەکڕیزی و هاودەنگی موسڵمانان سەبارەت بە قودسی پیرۆز و فەڵەستینی زوڵملێکراو:
ئەمڕۆ ڕۆژی قودسە، ڕۆژێک کە بە دەستپێشخەری ووشیارانەی ئیمام خومەینی (رە) وەک ئەڵقەی پێکەوەبوون و هاودەنگی موسڵمانان سەبارەت بە قودسی پیرۆز دیاری کرا و لەم چەند دەیەدا ڕۆڵی هەبووە و لێرە بە دواش ڕۆڵی تایبەت بە خۆیی دەبێت.
گەورەیی پرسی فەڵەستین هێندەیە کە موسڵمانان هیچ کات موڵەتی لەبیرکردنی نادەن:
گەلان پێشوازییان لە ڕۆژی قودس کرد و وەک یەکەم کاری خۆیان، واتە هەڵکردنی ئاڵای ئازادی فەڵەستین پیرۆزیان کرد. بەشێکی زۆری سیاسەتی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی و زایۆنیزم، کاڵکردنەوەی پرسی فەڵەستین لە بیر و هزری کۆمەڵگاکانی ئیسلامی و بەرەو لەبیرکردنیە و بەپەلەترین ئەرک، بەرەنگاربوونەوەی ئەم خیانەتەیە کە لە سەر دەستی بەکرێگیراوانی سیاسی و ڕۆشنبیری دوژمن لە ناوخۆی وڵاتانی ئیسلامی دەکرێت و ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پرسێک بە گەورەیی فەڵەستین وا نییە موسڵمانان بەم ئاسانییە موڵەتی لەبیرکردنی بدەن، هەرچەندە ئەمریکا و شوێنکەوتووەکانی لە ناوچەکە سەرجەم هێز و پارەی خۆیان لەم پێناوەدا بە کار بێنن.
یەکەم وتە، وەبیرهێنانەوەی گەورەیی کارەساتی داگیرکردنی وڵاتی فەڵەستین و دامەزراندنی شێرپەنجەیەک بە ناوی زایۆنیزمە، لە نێو تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە سەردەمانی نزیک لە ئێستا، هیچ تاوانێک لەم ئاستەدا نەبووە.
داگیرکردنی وڵاتێک و دەرکردنی هەمیشەیی خەڵک لە زێد و ماڵی خۆیان، ئەویش بە کارەساتەکانی وەک کوشتن و تاوان و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ئەوان و دەیان ساڵ بەردەوامی ئەم ستەمە مێژووییە، لە ڕاستیدا تۆمارکردنی دڕندایەتی و شەیتانیەتی بێ وێنەی ئەوانە.
هۆکار و تاوانباری سەرەکی ئەم کارەساتە، حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و سیاسەتە شەیتانییەکانی ئەوان بووە. ئەوان ڕۆژگارێک کە حکومەتە براوەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، واتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عوسمانی لە ئاسیایان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد لە کۆنفرانسی پاریس، پێویستان بەوە هەبووە کە بۆ دەستەبەرکردنی زاڵبوونی هەمیشەیی خۆیان بنکەیەک دابین بکەن.
حکومەتی بێ گەلی زایۆنیست:
بەریتانیا لە ساڵانێک پێش ئەوە، بە پرۆژەی باڵفۆر بەستێنی ئامادە کرد و بە تێفکرینی پارەپەرستەکانی جولەکە بیدعەیەکیان بە ناوی زایۆنیزم ئامادەی ڕۆڵ گێڕان کرد و ئێستا بەستێنی کردەوەیی ئەوە دابین دەکرا. لە هەمان ساڵان ئامادەکارییان بۆ دەکرد و لە ئاکامدا پاش دووەم شەڕی جیهانی بە کەڵک وەرگرتن لە دۆخی وڵاتانی ناوچەکە، پیلانەکەی خۆیان جێبەجێ کرد و ڕژێمی تەزویر و حکومەتی بێ گەلی زایۆنیستیان ڕاگەیاند. ئامانجی ئەم پیلانەش لە پلەی یەکەمدا گەلی فەڵەستین و پاشان گەلانی ناوچەکە بووە.
ئامانج لە حکومەتی زایۆنیست، کردنەوەی بنکەیەکی هەمیشەیی بۆ زاڵبوون بە سەر ناوچەکەدا بووە:
تێڕوانینێک لە سەر ڕووداوەکانی دواتری ناوچەکە پیشان دەدات کە ئامانجی سەرەکی و نزیکی وڵاتانی ڕۆژئاوا و خاوەن کۆمپانیاکانی جولەکە لە دامەزراندنی حکومەتێکی زایۆنیست، کردنەوەی بنکەیەکی هەمیشەیی بۆ زاڵبوون بە سەر ناوچەکە و دابینکردنی دەرفەتی دەستێوەردان و داگیرکردنی وڵاتان و حکومەتەکانی ناوچەکە بووە. هەر بۆیە ڕژێمی تەزویر و داگیرکاریان بە هەموو هێزێکەوە تەیار کرد، تەنانەت بە چەکی ناوەکی و گەشەپێدانی ئەم ڕژێمەشیان لە نیل تا فۆرات خستە ڕیزی بەرنامەکانی خۆیانەوە.
دانوستان، ئەزموونێکی تاڵ و سەرنەکەوتووی فەڵەستینە:
دانوستان لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و هەروەها ناوەندە بێ کاریگەرەکانی نێودەوڵەتی، ئەزموونێکی تاڵ و سەرنەکەوتووی فەڵەستینە. پیشاندانی چڵە زەیتون لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجامێکی بەدەر لە ڕێکەوتنی زیانباری ئۆسلۆ نەبووە و لە ئاکامدا بووە چارەنووسی پەندئامێزی یاسر عەرەفات.
هەڵهاتنی خۆری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وەرزێکی نوێی خەبات بۆ گەلی فەڵەستین بوو. لە یەکەم هەنگاوەکان واتە دەرکردنی کەسانی زایۆنیست کە ئێرانی سەردەمی شایان بە بنکەیەی پارێزراوی خۆیان دادەنا و پێدانی شوێنی باڵیۆزخانەی نافەرمی ڕژێمی زایۆنیستی بە نوێنەرایەتی فەڵەستین و پچڕانی گواستنەوەی نەوت تا ئیش و کار و چالاکییە گەورە سیاسییەکان، هەمووان بووە هۆی بەدیهاتنی بەرەی خۆڕاگری و هیوایەک بۆ چارەسەربوونی کێشەکان کەوتە دڵانەوە.
بە سەرهەڵدانی بەرەی خۆڕاگری – کار بۆ ڕژێمی زایۆنیستی دژوارتر بوو – و ئەڵبەت لە داهاتووشدا دژوارتر دەبێت، بەڵام هەوڵی لایەنگران و لە سەروی ئەوانیشەوە ئەمریکا لە بەرگریی ڕووی لە زیادبوون کرد.
چالاکی هێزە گەنج و ئیماندارەکانی حیزبووڵای لوبنان و پێکهێنانی گرووپە تێکۆشەرەکانی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی لە ناوخۆی سنورەکانی فەڵەستین نەک تەنیا سەرکردەکانی زایۆنیست بەڵکوو ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوای نیگەڕان کرد و ئەوانی تووشی شڵەژان کرد و وایکرد کە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی ئەوە بدات لە ناوچەکە و لە ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتیی لێبکرێت، ئەویش پاش ئەو هەموو پاڵپشتییەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو ڕژێمە داگیرکارە.
بەرەی خۆڕاگری بەرەو هێزی زیاتر دەڕوات:
ئەمڕۆ لە هەر دوو لاوە چالاکییەی زۆر لە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە دەبینرێت، بەو جیاوازییە کە بەرەی خۆڕاگری بەرەو بەهێزبوونی زیاتر دەڕوات و بە پێچەوانەوە بەرەی کوفر و زوڵم و ستەمکاری بەرەو لاوازبوون و بێ هیوایی هەنگاو دەنێت.
گۆڕەپانی خەبات هەستیارە و بەردەوام بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات و پێویستی بە چاودێری هەمیشەیی دەبێت:
باشترین و ڕوونترین بەڵگە ئەوەیە کە سوپای زایۆنیست کە ڕۆژگارێک بە سوپایەکی بەهێز دادەنرا و وایان بانگەشە دەکرد کە شکست ناهێنێت و سوپا گەورەکانی دوو وڵاتی هێرشبەری لە ماوەی چەند ڕۆژدا ڕادەگرت، ئەمڕۆ لە بەرامبەر هێزی گەلی لوبنان و غەززە ناچار بە پاشەکشە و دانپێدادان بەو شکستە دەبێت. سەرەڕای ئەمەش گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە مەترسیدار و بەردەوام تووشی گۆڕانکاری دەبێت و پێویستی بە چاودێریی هەمیشەیی هەیە و پرسی ئەم خەباتە زۆر گرنگ و چارەنووس سازە، هەر هەڵەیەکیش زیانێکی قورس بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
بەم پێیەش چەندین ئامۆژگاریم بۆ ئەو کەسانە هەیە کە پرسی فەڵەستین بە لایانەوە گرنگە:
١- خەبات بۆ ئازادکردنی فەڵەستین، تێکۆشانی ڕێگای خودا و لە سەر موسڵمانان دانراوە. سەرکەوتن لەم خەباتەدا دەستەبەر کراوە، لە بەر ئەوەی کە کەسی خەباتگێڕ لە ئەگەری کوژرانیش گەیشتووەتە پلەیەکی بەرزی ئائینی. بەدەر لەمەش، فەڵەستین پرسێکی مرۆڤییە. دەرکردنی ملیۆنان کەس لە ماڵ و زێدی خۆیان، ئەویش بە کوشتن و تاوان، هەر ویژدانێکی ئازاد دەهەژێنێت و لە ئەگەری بوونی تێکۆشان و بوێری بەرەو بەرەنگاربوونەوەی دەبات.
هەر بۆیە سنوردارکردنی ئەم پرسە بە پرسێکی فەڵەستینی یان عەرەبی، هەڵەیەکی گەورەیە، ئەوانەی لە سازشتی چەند کەسێکی فەڵەستینی یان دەسەڵاتدارانی چەند وڵاتێکی عەرەبییان بە موڵەتی تێپەڕبوون بە سەر ئەم پرسە ئیسلام و مرۆڤییەدا دادەنا، تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون و خیانەتیان بۆ بەلاڕێدابردنی ئەم پرسەدا کردووە.
٢- ئامانجی ئەم خەباتە، ئازادکردنەوەی سەرجەم خاکی فەڵەستین و گەڕانەوەی فەڵەستینییەکانە بۆ وڵاتی خۆیان. کەمکردنەوەی ئەمەش بۆ حکومەتێک لە بەشێک لەم خاکە، ئەویش بەو شێوازە کە زایۆنیستەکان سووکایەتی پێوە دەکەن، نە پیشاندەری مسۆگەربوونی مافەکانە و گوزارشت لە ڕاستییەکان دەکات.
٣- هەرچەندە کەڵک وەرگرتن لە هەر ئیمکانیاتێکی حەڵاڵ و ڕێگاپێدراو لەم خەباتەدا موڵەتی پێدراوە، وەک پاڵپشتی جیهانی، بەڵام دەبێت متمانە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوەندە جیهانییەکانی بەسراوەی ئەوان نەکرێت.
٤- خاڵێکی گرنگ کە نابێت لە لایەن کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی جیهانی ئیسلامەوە دوور بمێنێتەوە، سیاسەتی ئەمریکا و زایۆنیستەکانە لە گواستنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ پشتەوەی بەرەی خۆڕاگری. هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی سوریا، گەمارۆدانی سەربازی و کوشتاری شەوانەڕۆژی لە یەمەن، تیرۆر و ڕووخاندن و ڕێکخستنی داعش لە عێراق و ڕووداوەکانی هاوشێوە لە ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتانی ئیسلامی، هەموو بە پیلانێک بۆ سەرقاڵکردنی بەرەی خۆڕاگری و پێدانی دەرفەتە بە ڕژێمی زایۆنیستی.
٥- سیاسەتی ئاساییکردنەوەی بوونی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە بە یەکێک لە گەورەترین سیاسەتەکانی ئەمریکا دادەنرێت. ژمارەیەک لە حکومەتە عەرەبییەکانی ناوچەکە کە بە شوێنەکەوتووی ئەو وڵاتە دادەنرێن، سەبارەت بەمە ڕوویان هێناوەتە دابینکردنی پێداویستییەکان، وەک پەیوەندییە ئابورییەکان، ئەم هەوڵانەش هیچ ئاکامێکی نابێت.
٦- سەرەکیترین ئامۆژگاری من بۆ بەردەوامبوونی خەبات و ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوە جیهادییەکان و هاوکاری ئەوان لە گەڵ یەکتر و پەرەپێدانی گۆڕەپانی تێکۆشانە لە سەرجەم ناوچەکانی فەڵەستین. هەمووان دەبێت لەم پێناوەدا یارمەتیدەری گەلی فەڵەستین بن، پاڵپشتی لەوان بکەن، ئێمە بە شانازییەوە ئەوەمان هەبێت لەم ڕێگایەدا جێبەجێی دەکەین.
٧- وتەی کۆتایی ئەوەیە کە فەڵەستین پەیوەندیی بە فەڵەستینییەکانەوە هەیە و دەبێت بە ئیرادەی ئەوان بەڕێوە ببرێت. پرۆژەی ڕاپرسی لە سەرجەم ئائین و پێکهاتەکانی فەڵەستین کە زیاتر لە دوو دەیە دەبێت پێشنیارمان کردووە، تەنیا ئەنجامێکە کە دەتوانێت کێشەکانی ئەمرۆ و داهاتووی فەڵەستین چارەسەر بکات. لەم پرۆژەیەدا فەڵەستینییەکانی جولەکە، مەسیحی و موسڵمان، لە گەڵ یەک لە ڕاپرسییەکدا بەشداری و سیستەمی سیاسی وڵاتی خۆیان دیاری دەکەن، ئەوەی کە بە دڵنیاییەوە دەبێت بڕوات، زایۆنیستەکانن.
بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان سولێمانی و موهەندیس و شەهیدانی قودس:
لە کۆتاییدا، یادی شەهیدانی قودس، لە شێخ ئەحمەد یاسین و فەتحی شەقاقی و سەید عەباس موسەوی، تا فەرماندەی گەورەی ئیسلام و کەسایەتی هەمیشە زیندووی بەرەی خۆڕاگری، شەهید قاسم سولێمانی و تێکۆشەری گەورەی عێراقی، شەهید ئەبومەهدی موهەندیس و شەهیدانی دیکەی قودس بەرز ڕادەگرین و سڵاو لە ڕۆحی ئیمام خومەینی (رە) دەنێرین کە ئەم درگایەی تێکۆشان و سەربەرزیی بە ڕووی ئێمەدا کردەوە. هەروەها بۆ برای تێکۆشەر، خوالێخۆشبوو حوسێن شەیخولئیسلام کە ساڵانێک لەم ڕێگایەدا هەوڵی داوە، باشترین پلەی ئیلاهی داواکارم."(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە شاری کەراچی وڵاتی پاکستان لە ئەنجامی ڕوخانی باڵەخانەیەکی ٥ نهۆمی ١٦ کەس گیانیان لەدەستدا.
شێخ نەعیم قاسم ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی حزب الله-ی لوبنان لە وتارەکەیدا رایگەیاند، بەرخۆدان چەک دانانێت و تەسلیم نابێت.
لە ویلایەتی تەکساسی وڵاتی ئەمریکا بەهۆی هەڵسانی لافاو لانیکەم ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسانی ناوچەکە هۆشداری زیاتربوونی ژمارەی قوربانییەکان دەدەن.
لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی بۆ سەر غەززە کە ٧ی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد ژمارەی شەهیدەکان گەشتە ٥٧ هەزار و ٣٣٨ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٣٥ هەزار و ٩٥٧ کەس.