زەکەریا یاپجیئۆغلو: سەرچاوەی خراپەکاری تاکەکان نییە، بەڵکو خودی زایۆنیزمە
زەکەریا یاپجیئۆغلو سەرۆکی گشتی هودا پار لە میانەی بەشداری لە ٥مین کۆنگرەی ئاسایی مەڵبەندی پارێزگای ئەنقەرەی حیزبەکەی وتی، "سەرچاوەی خراپەکاری ترامپ یان نەتانیاهۆ نییە، بەڵکو خودی زایۆنیزمە کە ئەمریکاشی بە دیل گرتووە."
٥مین کۆنگرەی ئاسایی مەڵبەندی پارێزگای ئەنقەرەی هودا پار بە بەشداری زەکەریا یاپجیئۆغلو سەرۆکی گشتی هودا پار بەڕێوەچوو.
کۆنگرەکە بە خوێندنی قورئانی کەریم لە ناوەندی کەلتووری یونس ئەمرە لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستیپێکرد. کۆنگرەکە بە پێشکەشکردنی سینەڤیزیۆنێک لەبارەی کارەکانی حیزبەکە بەردەوام بوو و دواتر ئەنجومەنی بەڕێوبەرایەتی پێکهێنرا.
"پێویستە مەبەست لە سیاسەت پاراستنی ژیان و ماڵ و ئایین و عەقڵ و نەوەکانی داهاتووی خەڵک بێت"
یاپجیئۆغلو سەرەتای وتارەکەی بە وەبیرهێنایەوە کە ١٤ ساڵ لەمەوبەر بە دروشمی "سیاسەتی راست، دادپەروەری ڕاستەقینە" و تێگەیشتنی "لە سەرەتا مرۆڤ، لە ئەولەویەت دادپەروەری" دەستیان پێکرد و ڕایگەیاند کە مرۆڤیان خستۆتە ناوەندی سیاسەت و دامەزراندنەوەی دادپەروەرییان وەک ئامانجی سەرەکی خۆیان ڕاگەیاندووە.
یاپجیئۆغلو جەختی لەوە کردەوە کە دادپەروەری فەرمانێکی دیاریکراوی پەروەردگارمانە و مرۆڤ دەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا دادپەروەر بێت و وتی، "مەبەست لە سیاسەت پێویستە پاراستنی کەرامەت و شەرەفی مرۆڤ بێت؛ بۆ پاراستنی ژیان و ماڵ و ئایین و عەقڵ و نەوەی مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە ئایین و زمانەکەیان."
"سەرچاوەی خراپەکاری تاکەکان نییە، بەڵکو خودی زایۆنیزمە"
یاپجیئۆغلو کە لە وتارەکەیدا جێگەیەکی فراوانی تەرخان کردبوو بۆ کۆمەڵکوژیی بەردەوام و گەمارۆی نامرۆڤانە لە غەززە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە سەرەڕای ئەوەی نەتانیاهۆ و ترامپ هەڵبژاردنەکانیان دۆڕاندووە، داگیرکاری، کۆمەڵکوژی و گەمارۆی سەر غەززە بە هەموو دڕندەییەکی خۆیەوە بەردەوامە.
یاپجیئۆغلو کە جەختی لەوە کردەوە کە سەرچاوەی خراپەکاری ترامپ یان نەتانیاهۆ نییە، بەڵکو خودی زایۆنیزمە کە ئەمریکاشی بە دیل گرتووە، وتی، "زایۆنیزم تەنها خراپە ناکات، بەڵکو خودی خراپەکارییە."
یاپجیئۆغلو کە باسی لەوە کرد لە غەززە هاوشانی بۆمبەکان، برسێتی و بێئاوی وەک چەک بەکاردەهێنرێن، دەیان هەزار منداڵ بەدخۆراکی دەبینن، لە زیاتر لە ٧٠ هەزار چادردا کە لەژێر ئاوی لافاودا ماون سەدان هەزار کەس لە سەرمای زستاندا دەلەرزن و ساوایان لە سەرما، برسێتی و بێدەرمانیدا گیان لەدەست دەدەن، ڕایگەیاند کە بەپێی بەناو پلانی ئاشتی غەززە و ڕێککەوتنی ئاگربەست دەبوو هەموو ڕۆژێک بەبێ پچڕان ٦٠٠ بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بچنە ناوەوە، بەڵام باندە زایۆنییەکە هێرشەکانی نەوەستاندووە و بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی هاوکاری، ئامێرەکانی کار و کۆنتێنەرەکان.
"گەمارۆکە دەبێت بە یاوەریی کەشتییە جەنگییەکان بە شێوەیەکی کردەیی بشکێنرێت"
یاپجیئۆغلو کە وتەکانی سەرۆککۆمار ئەردۆغانی لە لووتکەی سەرکردەکانی COP-31 کە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو بە شێوەی "چادرێکیش بە زۆر دەزانرێت بۆ منداڵانی غەززە، دەمانەوێت کۆنتێنەر بنێرین بەڵام ڕێگە نادرێت" هێنایەوە یاد، پرسی، "ئایا ئەوە بەس نییە کە جیهانی ئیسلامی کە خاوەنی ژمارەی دانیشتووانی دوو ملیار کەس و هێزی ئابووریی ٣٠ تریلیۆن دۆلارە، نەتوانێت بەبێ مۆڵەتی تۆڕێکی تیرۆریستیی کۆمەڵکوژ چادرێک، پارچە نانێک، یان تەنانەت کۆنتێنەرێکیش بگەیەنێتە غەززە؟"
یاپجیئۆغلو جەختی لەوە کرد زایۆنیزم لە قسە و پەیامەکانی سەرکۆنەکردن تێناگات و تەنها لە هێز تێدەگات، ئەم بانگەوازەی ئاراستەی وڵاتە ئیسلامییە مسۆگەرکەرەکان و جیهانی ئازاد کرد:
ئەگەر وڵاتە ئیسلامییە زامنکارەکان نەتوانن گەیشتنی بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دابین بکەن، ئێستا لەو شوێنەین کە قسە کۆتایی هاتووە و دەبێت هەنگاوە کردەییەکان بنرێن. نابێت چاوەڕێی مۆڵەت و ئیجازە لە هیچ کەسێک بکرێت، و بۆ تێکشکاندنی ئەم گەمارۆ نامرۆڤانەیە دەبێت هەنگاوی کردەییی بەرچاو بنرێن. وڵاتە ئیسلامییەکان و جیهانی ئازاد کە نایانەوێت ببنە هاوبەشی تاوانی کۆمەڵکوژیی تۆڕە تیرۆریستییە زایۆنییەکە دەبێت یەک بگرن؛ و دەبێت ئەو کەشتیانەی هاوکاریی مرۆیی هەڵدەگرن، لەژێر پاراستنی کەشتییە جەنگییەکان و بە هاوڕێیەتیی هێزی دەریایی، ڕەوانەی غەززە بکرێن. گەمارۆ نایاساییەکەی رژێمی زایۆنی دەبێت لە دەریاوە بە یاوەریی کەشتییە جەنگییەکان بە شێوەیەکی کردەیی بشکێنرێت، و بۆ برا ستەملێکراوەکانمان کە لە برسێتی و سەرمادا بۆ مردن بەجێهێڵدراون، ئەگەر پێویست بکات بە بەکارهێنانی هێز ڕێڕەوی هاوکاریی مرۆیی بکرێتەوە."
"وڵاتە ئیسلامییەکان ناچارن هاوپەیمانیی سەربازی دابمەزرێنن"
یاپجیئۆغلو ڕایگەیاند کە مەترسییەکە تەنها بە غەززە یان فەلەستینەوە سنووردار نییە؛ تۆڕە زایۆنییەکە کە بە پشتیوانیی بێسنووری سەربازی و دارایی ئەمریکا لەسەر پێ وەستاوە، لوولەی چەکەکانی ئاراستەی سووریا، لوبنان، ئێران و یەمەن کردووە، و ئامانجی کۆتاییشی ئەوەیە هەموو جوگرافیای ئیسلامی بە تورکیاشەوە بسووتێنێت و وتی، "بە پەنا بردن بۆ چەتری ئەمنیی ڕۆژئاوا و ڕۆڵگێڕانی ڕۆڵی لاوەکی لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکانیاندا، ناتوانن دڕندەیی زایۆنی ڕابگرن. وڵاتە ئیسلامییەکان ناچارن هاوپەیمانیی سەربازی دابمەزرێنن کە لە مەیداندا بە شێوەیەکی کردەیی دەستدرێژیی زایۆنی و ئەم هەڕەشە ئیمپریالیستییە لەناو ببات."
"پرۆسەکە بە دەستوورێکی نوێی مەدەنی و دادپەروەرانە تاجدار دەکەین"
یاپجیئۆغلو کە جەختی لەوە کردەوە بۆ تێکشکاندنی ئەو هەڕەشە دەرەکییەی گەیشتووەتە بەر دەرگا، پێویستە بەرەی ناوخۆ قایم بکرێت، پەرلەمانی یەکەم لە ٢٣ی نیسانی ١٩٢٠دا دوای نوێژی هەینی کە لە مزگەوتی حاجی بایرامی وەلی ئەنجام درا، بە دوعا و تەکبیر کرایەوە؛ و لەو پەرلەمانەدا نوێنەرانی تورک، کورد، چەرکەس و لاز لەسەر بنەمای هاوبەشی ئیسلام و لە نیشتمانێکی هاوبەشدا بە ئارەزووی ژیانێکی ئازاد و برایانە شان بە شانی یەکتر دانیشتبوون.
یاپجیئۆغلو کە باسی لەوە کرد، "پرۆسەکە تەنها بە بێدەنگبوونی چەکەکان تەواو نابێت؛ ئامانجی سەرەکی دووبارە دامەزراندنەوەی مافی برایەتیی زیانپێگەیشتووە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی. لەسەر بنەمای هاوبەشی ئیسلامدا جارێکی دیکە ڕۆحی مەلازگرد و چەناققەڵا لەبەر دەکەینەوە. مافی برایەتی دادەمەزرێنین و یەکێتی و یەکڕیزیمان قایم دەکەین. إن شاء الله بە ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی دەستووری کودەتای ١٩٨٢، ئەم پرۆسەیە بە دەستوورێکی نوێی مەدەنی و دادپەروەرانە کە لەگەڵ باوەڕ و بەهاکانی گەلدا گونجاو بێت، تاجدار دەکەین."
ئەحمەد قەرەئەرسەلان متمانەی بەدەستهێنایەوە
لە هەڵبژاردنەکەدا کە دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتە داراییەکان و ڕاپۆرتی چالاکییەکان ئەنجام درا، سەرۆکی ئێستای لقی پارێزگا، ئەحمەد قەرەئەرسەلان، بە بەدەستهێنانی تەواوی دەنگە دروستەکان، دووبارە بە سەرۆکی لقی ئەنقەرە هەڵبژێردرایەوە. کۆنگرەکە بە گرتنی وێنەی یادگاری کۆتایی هات.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
حوسێن ئیمیر بەرپرسی کاروباری دەرەوەی هودا پار ڕایگەیاند، "ئەو دەستکەوتانەی کە گەلی کورد لە چەندین ساڵدا بە تێچووی زۆرەوە بەدەستی هێناوە، نابێت بە هۆی ناکۆکی سیاسییەوە بخرێتە بەر مەترسی."
سەرکان رامانلی وتەبێژی هودا پار وتی، "ئایا تا ئێستا یەک پشکنەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی توانیویەتی بچێتە ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی رژێمی تیرۆریستی سەهیۆنی کە پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی واژۆ نەکردووە و جبەخانەی ئەتۆمی خۆی شاردۆتەوە؟"
زەکەریا یاپجیئۆغلو سەرۆکی گشتی هودا پار لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی کۆبوویەوە.