قەسام ڤیدیۆی "موجاهیدی پاڵتۆڕەش" بڵاو دەکات
کەتائیبی شەهید عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، دیمەنی نوێی شەهید «حەمزە هیشام عامر» ناسراو بە "موجاهیدی پاڵتۆڕەش"ی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ناوبراو فەرماندەی دەستەیەک بووە لە کەتیبەی "موسعەب کوڕی عومەیر"ی سەر بە لیوای خان یونس.
ئەم دیمەنانە لە چوارچێوەی زنجیرە ڤیدیۆی "مانگەکانی تۆفان" (ئەقماری توفان) بڵاوکراونەتەوە؛ زنجیرەیەک کە تایبەتە بە ناساندنی ئەو فەرماندە و جەنگاوەرانەی قەسام کە لە میانەی شەڕەکانی کەرتی غەززەدا شەهید بوون.
حەمزە عامر دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جێگەی سەرنج بوو. ناوبراو لەم دیمەنانەدا بە پاڵتۆیەکی درێژی ڕەش و پێڵاوی وەرزشیی سپییەوە دەبینرا کە ڕۆکێتێکی دژەزرێپۆشی "یاسین ١٠٥"ی هەڵگرتبوو و ئاراستەی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی رژێمی سەهیۆنی دەکرد لە شاری خان یونس.
دیمەنە نوێیەکان بەشێک لە چالاکییە سەربازییەکانی عامر پیشان دەدەن؛ لەوانە سەرپەرشتیکردنی مەشقی موجاهیدانی کەتیبەکانی قەسام و بەشداریکردن لە مانۆڕە سەربازییەکان بە گولڵەی ڕاستەقینە پێش دەستپێکردنی شەڕی "تۆفانی ئەقسا."
لە بەشێکی دیکەی ئەم دیمەنانەدا، عامر دوای برینداربوونی لە میانەی شەڕەکەدا، بە سەروچاوێکی پێچراوەوە دەبینرێت. هەروەها لە دیمەنێکی دیکەدا، ڕێنمایی یەکێک لە جەنگاوەرانی بەرگری دەکات بۆ تەقاندنی ڕۆکێتی دژەزرێپۆش.
ئەم ڤیدیۆیە بەشێک لە جموجووڵی موجاهیدانی قەسام لە نێوان ماڵە وێرانکراوەکان و بەکارهێنانی چەکی دژەتانک لەلایەن ئەوانەوە لە میانەی پێکدادانەکانی خان یونسدا پیشان دەدات.
کەتیبەکانی قەسام ڕایگەیاند کە حەمزە عامر لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ بووە و لە یەکی ئاداری ٢٠٢٤ لە میانەی شەڕەکانی خان یونسدا شەهید بووە. ناوبراو پێش شەهیدبوونی، فەرماندەیی دەستەیەکی لە کەتیبەی موسعەب کوڕی عومەیر لە ئەستۆ بوو.
قەسام هەروەها وەسیەتنامەی ڤیدیۆیی ئەم فەرماندە شەهیدەی بڵاوکردەوە کە تێیدا لە ئەندامانی خێزانەکەی داوا دەکات بەڵێنەکەیان بپارێزن و بەردەوام بن لەسەر هەمان ڕێگا. هەروەها جەختی لەسەر پەروەردەکردنی منداڵان بە قورئان و بەهێزکردنی پەیوەندییان بە مزگەوتەکانەوە کردووەتەوە.
حەمزە عامر کوڕی شەهید "هیشام حوسنی عامر" لە فەرماندەکانی کەتیبەکانی قەسام بوو. باوکی لە ساڵی ١٩٩٢ و لە میانەی ڕاپەڕینی یەکەمی فەلەستین، لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی چەکداری دژی بنکەی پۆلیسی خان یونس کە هێزەکانی رژێمی سەهیۆنی تێیدا جێگیر بووبوون، شەهید بوو.
بڵاوبوونەوەی دیمەنە نوێیەکانی حەمزە عامر کاردانەوەی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە. بەکارهێنەرانی فەلەستینی ستایشی ئازایەتی و خۆڕاگریی ئەویان لە شەڕەکانی خان یونسدا کرد و یەکێک لە چالاکوانانی غەززە نووسیویەتی کە ناوبراو تەنانەت بۆ ساتێکیش خان یونسی جێنەهێشتووە و تا دوایین هەناسە لەم شارەدا ماوەتەوە.
ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانیش بە وەبیرهێنانەوەی دیمەنە بەناوبانگەکانی، ناویان لێنا "موجاهیدی پاڵتۆڕەش" و جەختیان کردەوە کە حەمزە عامر زیاتر لە سێ دەیە دوای شەهیدبوونی باوکی، بەردەوام بوو لەسەر هەمان ڕێگای بەرگری و سەرەنجام لە میانەی شەڕی "تۆفانی ئەقسا"دا شەهید بوو.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
شارۆچکەنشینە سەهیۆنییەکان دوای ئەنجامدانی جووڵەی هاندەرانە لە ناوچەکانی جونیید و عامرییە، بەرەو شارۆچکەی "تەل" لە باشووری ڕۆژئاوای نابلوس ڕۆیشتن.
حەماس بە فەرمی ئەو ڕێککەوتنەی لە قاهیرە سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە قبوڵ کرد.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئەل پایس، بە پشتبەستن بە خەمڵاندنەکانی حکومەت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە مەغریبەوە پەڕینەوە بۆ سەبتە (سیۆتا) کە شارێکی ئۆتۆنۆمی ئیسپانییە لە باکووری ئەفریقا.