یونیسێف: ٣٠٠ منداڵ لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە شەهید بوون
سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان یونیسێف ڕایگەیاند لە ماوەی ٣٠٠ ڕۆژی ڕابردوودا، لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ەوە، لانیکەم ٣٠٠ منداڵی فەلەستینی لە کەرتی غەززە شەهید بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندی فەلەستین ڕایگەیاند، ئەم ئامارە لە کاتێکدا تۆمار کراوە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگیرێن و یارمەتییە مرۆیی و فریاگوزارییەکان بە تەواوی بچنە ناو کەرتی غەززە.
ئێدوارد بیگبیدەر، بەڕێوەبەری ناوچەیی یونیسێف لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، وتی، "ئەو ئاگربەستەی کە بە تێکڕا هەموو ڕۆژێک منداڵێک بەرەو مەرگ دەبات، منداڵانی نائومێد کردووە."
ناوبراو وتیشی سەدان منداڵی دیکەش بریندار بوون کە زۆربەیان برینەکانیان سەختە. منداڵانی غەززە هێشتا چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەو توندوتیژییەن کە بەڵێنیان پێ درابوو.
ئەم بەرپرسەی یونیسێف وتی، "هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی، نەخشەڕێگەی قۆناغی داهاتووی ئاگربەست دیاری دەکەن و ڕێوشوێنەکانی کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوونەکان و فراوانکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لەخۆ دەگرن؛ بابەتێک کە ئومێدێکی نوێ بۆ ڕاگرتنی کوشتاری منداڵان دروست دەکات."
بیگبیدەر بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە منداڵانی غەززە پێشتریش بەڵێنی هاوشێوەیان بیستووە، جەختی کردەوە، "ئەم جارە دەبێت ڕێککەوتنەکان ببنە هەنگاوی کرداری."
یونیسێف لە بەیاننامەکەی خۆیدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندبوونەکانیان لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانە مافی نێودەوڵەتیی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ، جێبەجێ بکەن.
یونیسێف جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی منداڵان و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزاری و پێداویستییە بنەڕەتییەکان، لەوانە چاودێریی تەندروستی، پەروەردە، ئاوی خاوێن و ماددە خۆراکییەکان کردەوە.
یونیسێف هەروەها داوای ڕەخساندنی بواری ناردنی پارێزراو، خێرا و بێ ڕێگریی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ منداڵانی پێویستدار لە کەرتی غەززە کرد.
هێزەکانی رژێمی سەهیۆنی بۆ سێسەد و یەکەمین ڕۆژی لەسەریەک، ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کۆمەڵکوژی لە غەززە بە تەقەکردن، هێرشی تۆپخانەیی و پێشڕەویی زەمینی بۆ دەرەوەی ناوچەی ناسراو بە "هێڵی زەرد" پێشێل دەکەن.
ئەم دەستدرێژییانە سەرەڕای ڕاگەیاندنی دۆنالد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦ سەبارەت بە گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکی نوێ" بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی نەخشەڕێگەکە هێشتا بەردەوامە.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ویلایەتی کۆردۆفانی باکووری سوودان، چڕبوونەوەی شەڕ لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، شەپۆلی نوێی ئاوارەبوونی لێکەوتەوە.
وەزیری بەرگری بەلجیکا تیۆ فرانکن ڕایگەیاند کە لە نێوان ٤ بۆ ١٨ی ئەیلول ٣٠ سەربازی بەلجیکا بۆ گرینلاند ڕەوانە دەکرێن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە شاری مەککە لەگەڵ محمەد بن سەلمان شازادەی سعوودیە کۆبوویەوە.
لە ناوچەی جەرمانای دیمەشق، تەقینەوەیەک لەناو مینی پاسێکدا تەقیەوە و بەهۆیەوە ٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.