حەمدان: چەکی بەرخۆدان پێش لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، بابەتێکی دانوستان لەسەرنەکراوە
ئوسامە حەمدان، یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، جەختی کردەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بە کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی دوژمن و دەستپێکی هەنگاوی سیاسی و نیشتمانیی فەڵەستینی دادەنرێت.
بەگوێرەی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، ئوسامە حەمدان، یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس وتیشی، بزووتنەوەی حەماس بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و لەسەر بنەمای دیدگایەکی ڕوون کە پشتی بە پاراستنی بنەما و مافەکان بەستووە، مامەڵەی لەگەڵ ڕێککەوتنی ئاگربەستدا کردووە، و ئەم ڕێککەوتنە لە ڕێککەوتنەکانی پێشوو جیاوازە، چونکە جەخت لەسەر ئاگربەستی کۆتایی دەکاتەوە و ئاماژەی سەرەتاییی سیاسیی تێدایە بۆ هەنگاونان بەرەو داننان بە مافی فەلەستینییەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
حەمدان ڕایگەیاند کە دانوستانەکان کە بوونە هۆی ئەم ڕێککەوتنە، لە قۆناخی یەکەمدا تیشکیان خستبووە سەر ڕاگرتنی جەنگ، ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، هاتنەناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان و کشانەوەی هێزە داگیرکەرەکان لە کەرتی غەززە.
ئەم سەرکردە باڵایەی بزووتنەوەی حەماس درێژەی پێدا و وتی، "شاندی دانوستانکاری حەماس لە شەرم ئەلشێخ تیشکی خستبووە سەر ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی دوژمنی داگیرکەر، و هەر بابەتێکی سیاسی یان ناوخۆییی فراوانتر، پێویستی بە ڕێککەوتنێکی نیشتمانیی فەڵەستینی هەیە."
هەروەها جەختی کردەوە کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، پێش ڕەزامەندبوون لەسەر ڕێککەوتنەکە، بە شێوەیەکی فراوان تاوتوێیان کردووە و بڕیارێکی نیمچە-کۆدەنگی لەبارەوە دراوە.
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە دوای جەنگ، حەمدان وتیشی، ڕێککەوتنی سەرەتایی لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری غەززە لە قۆناخی گواستنەوەدا، بەڵام وردەکارییەکانی کارکردنی ئەم لیژنەیە و دەسەڵاتەکانی، هێشتا بابەتی گفتوگۆیەکی نیشتمانییە لەنێوان گرووپە فەلەستینییەکاندا.
ئەم سەرکردەیەی بزووتنەوەی حەماس جەختی لەسەر مافی بەرخۆدان کردەوە وەک مافێکی نەگۆڕ، شەرعی و پاشگەزبوونەوەلێنەکراو، پێش دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی کە توانای پاراستنی گەل و خاکەکەی هەبێت، و وتیشی، "هەر دانوستانێک سەبارەت بە چەکی بەرخۆدان دوادەخرێت بۆ دوای پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین، و ئەزموونەکانی ڕابردوو دەریانخستووە کە هەر ڕێڕەوێک جەخت لەسەر چەک داماڵین یان پاشەکشەکردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین بکاتەوە، ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە.
ئەم سەرکردەیەی بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بەو گەرەنتیانەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پێشکەش کراون، ڕایگەیاند کە بزووتنەوەکە گەرەنتیی زارەکیی لە لایەنە نێوەندگیرەکان و ئەمریکاوە وەرگرتووە، سەرباری پێکهێنانی لیژنەیەکی بەدواداچوونی هاوبەش بۆ دەستوەردان لە کاتی پێشێلکردنی ئاگربەستدا، و بەرخۆدان چاودێریی هەموو پێشهاتە مەیدانییەکان دەکات.
حەمدان لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە ئامانجی سیاسیی بەرخۆدان بریتی دەبێت لە ئازادکردنی خاک، دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە پایتەختیی قودس، و مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣یەوە لە کەرتی غەززە گەشتە ٦٩ هەزار و ١٨٢ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٧٠ هەزار و ٦٩٤ کەس.
بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تێکدانی گۆڕستانی مێژوویی باب ئەلڕەحمە لە نزیک مزگەوتی ئەقسا لەلایەن گرووپێک لە نیشتەجێ سەهیۆنییەکانەوە، تاوانێکی سەهیۆنی و هەنگاوێکی ئاشکرایە بۆ بە جوولەکەکردنی قودس.
سەرچاوە خۆجێییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا هەواڵی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی هێزەکانی سوپای رژێمی سەهیۆنییان بۆ سەر چەندین شار، گوند و کەمپ لە باکوور و باشووری ناوچەکە ڕاگەیاند.