حەماس لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سنواردا: بڵێسەی تۆفانی ئەقسا ناکوژێتەوە

بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس) لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سەرکردەی شەهید یەحیا سنوار (ئەبوو ئیبراهیم)، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە، جەختی کردەوە، "بڵێسەی تۆفانی ئەقسا ناکوژێتەوە و خوێنی سەرکردە شەهیدەکان، ڕێگای بەرخۆدان بۆ نەوەکانی داهاتوو پتەوتر دەکات."
بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەلەستین حەماس بە بۆنەی یەکەمی ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندەی قارەمان شەهید یەحیای سنوار پەیامێکی بڵاو کردەوە.
تەواوی دەقی پەیامەکە:
"ساڵێک بەسەر ئەو داستانە قارەمانێتییەدا تێدەپەڕێت کە جیهان شایەتحاڵی بوو؛ داستانێک کە پاڵەوانەکەی، فەرماندەی شەڕی 'تۆفانی ئەقسا'، شەهید یەحیا سنوار بوو ئەو کەسەی کە ژیانی پڕ لە جیهاد و خەباتی خۆی بە شەهیدبوون کۆتایی پێهێنا؛ لەکاتێکدا لە دڵی جەنگدا ڕاوەستابوو، گۆچانەکەی بەدەستەوە بوو و بە ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی هێز و تاوانی داگیرکەران بووەوە.
ئێستا ساڵێک بەسەر شەهیدبوونی ئەم فەرماندە مەزنە نیشتمانییەدا تێپەڕیوە، لە کاتێکدا گەلەکەمان بە ئارامگری، خۆڕاگری و جێگیری، و بەرخۆدانی فەلەستینیش بە هێز و ئازایەتییەوە، توانیان دەستکەوتێکی نیشتمانی و ڕێککەوتنێکی گەورە تۆمار بکەن کە هەموو پلانەکانی دوژمنی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر خاک و گەلەکەمان پووچەڵ کردەوە؛ ڕێککەوتنێک کە بووە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕی کۆمەڵکوژی، برسێتی و ئاوارەکردنی زۆرەملێ، و ئاڵوگۆڕی دیلەکانیشی بە ناونیشانی 'تۆفانی ئازادەکان' (طوفان الأحرار) بەدی هێنا، ڕێککەوتنێک کە تێیدا ١٩٦٨ دیلی فەڵەستینی ئازاد کران و لووتبەرزیی زیندانەوانی سەهیۆنی تێکشکێنرا.
لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندەی موجاهید و قارەمان، یەحیا سنوار، بە شانازی و سەربەرزییەوە یادی ژیانی پڕ بەرهەم و ڕێڕەوی خەباتگێڕیی دەکەینەوە؛ ئەو لە تەمەنی گەنجییەوە لە مەیدانی جیهاددا ژیا و لە ماوەی ٢٣ ساڵ دیلیدا، بە خۆڕاگری و جێگیری، زیندانەوانە سەهیۆنییەکانی تێکشکاند. دوای ئازادبوونی لە زیندان، درێژەی بە ڕێگای ئامادەکاری، ڕێکخستن و پلاندانان دا، تا دواجار لە بەرەبەیانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕۆژێکی تۆمار کرد کە رژێمی داگیرکەری تێکشکاند، پێکهاتەکەی هەژاند و ئەفسانەی 'سوپای نەبەزێنراو'ـی لەناوبرد، تا لە کۆتاییدا لە هەمان مەیدانی شەڕدا، لەکاتێکدا لەنێو موجاهیدەکانیدا دەجەنگا، گەیشتە پلەی شەهادەت.
ئێمە جەخت دەکەینەوە کە شەهیدبوونی فەرماندە یەحیا سنوار و سەرکردە و کەسایەتییەکانی دیکەی بزووتنەوەکە کە پێش ئەو لەسەر ڕێگای جیهاد و ئازادی ڕۆیشتن، تەنها هێز، خۆڕاگری و سووربوونی ئێمە و گەل و بەرخۆدانەکەمان بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازەکەیان و وەفاداری بۆ خوێن و قوربانیدانەکانیان زیاتر دەکات.
بڵێسەی 'تۆفانی ئەقسا' هەمیشە بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە، بە ڕۆحی پێداگری لەسەر مافەکان، بنەماکان و یەکڕیزیی نیشتمانی لێدەدات، و ئاگرەکەی لە دڵی گەلە مەزنەکەماندا هەرگیز ناکوژێتەوە، هەرچەندە قوربانییەکان قورس و هێزی دوژمن زۆر بێت. ئێمە لەسەر پەیمانی خۆمان لەگەڵ سەرکردە شەهیدەکان دەمێنینەوە: ئاڵاکە هەرگیز ناکەوێتە سەر زەوی، بەڵکوو بە بڵندی و شەکاوەیی دەمێنێتەوە، تا هەموو ڕۆڵەکانی گەلەکەمان نەوە دوای نەوە هەڵیبگرن و بەرگری لێ بکەن، هەتا ئەو کاتەی ئازادیی تەواو و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە پایتەختیی قودس بەدی دێت.
لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونتدا، ئەی ئەبوو ئیبراهیم، ئاسوودە بنوو؛ چونکە ئەمانەتەکەت بەجێگەیاند، لە پێناوی خوادا جیهادت کرد، ئاڵای دوژمنت هێنایە خوارەوە، لووتبەرزییت تێکشکاند و کۆڵەکەکانی بوونی درۆزنانەیانت هەژاند. هەرچەندە جەستە پاکەکەت لەنێو ئێمەدا لە غەززە نییە، بەڵام ڕۆحت کە لە ئاسمانەکاندا دەفڕێت، شایەتی ئەوە دەدات کە خوێنی شەهیدان، شکۆی هەمیشەیی فەڵەستین و ئوممەت دەنەخشێنێت. دوژمن لە بەدیهێنانی ئامانجە دەستدرێژکارانەکانی لە خاکی غەززەدا شکستی هێنا و لە کۆتاییدا ناچار بوو ئاگربەست قبووڵ بکات، لەکاتێکدا دیلەکانی تەنها بەپێی ئیرادە و مەرجەکانی بەرخۆدان وەرگرتەوە.
رەحمەت، شانازی و نەمری بۆ ڕۆحی فەرماندەی شەهیدی قارەمان یەحیا سنوار (ئەبوو ئیبراهیم) و بۆ هەموو کاروانەکانی شەهیدان لە سەرکردەکان، ڕۆڵەکانی گەل و ئوممەتەکەمان. لە خوای گەورە داواکارین لە بەهەشتی بەریندا، لەگەڵ پێغەمبەران، ڕاستگۆیان، شەهیدان و چاکەکاران کۆیان بکاتەوە؛ و ئەوانە چەند باش هاوڕێن."(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی ئەسیران، تەرمی ٣٠ کەسی شەهید لە شەڕی جینۆسایدی رژێمی داگیرکەر بۆ سەر غەززەیان وەرگرتووە.
وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕاگەیاند، لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەست سوپای داگیرکەر ٢٢ فەلەستینیی شەهید و ١٢٢ کەسیش بریندار کردووە.
لە ئەنجامی بۆمبێکی چێندراو لە دێرەزۆر ٤ کەس لە ئەرکی پاسەوانیکردنی دامەزراوە نەوتییەکان کوژران و ٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.
محەممەد ئەلهندی جێگری سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، ڕایگەیاند کە گرووپە خۆڕاگرییەکانی فەلەستین هەرگیز چەکدانان قبوڵ ناکەن و ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست بڕگەی نهێنی تێدایە.