چاودێری مافی مرۆڤ: ئونروا لە غەززە جێگرەوەی نییە
ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ جەختی کردەوە ئاژانسی فریاگوزاری و کاردۆزینەوە بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان "ئونروا" هێشتا بڕبڕەی پشتی یارمەتییە مرۆییەکانە لە کەرتی غەززە و ناکرێت چاوپۆشی لە ڕۆڵەکەی بکرێت.
بە پێی بەیاننامەیەکی ناوەندی ڕاگەیاندی فەلەستین، ئەم ڕێکخراوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی دۆنالد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەسەڵاتی بڕیاردانی لەسەر چارەنووسی ئونروای نییە.
چاودێری مافی مرۆڤ زیادی کرد ئەم هەنگاوە، نوێترین قۆناغی هەڵمەتی درێژخایەنی حکومەتەکانی ئەمریکا و رژێمی داگیرکەرە بۆ لەناوبردنی ئاژانسی فریاگوزاری و کاردۆزینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان.
بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، ئونروا تەنانەت پێش ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣یش یارمەتی و خزمەتگوزارییە مرۆییە ڕزگارکەرەکانی پێشکەش بە ئاوارە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە، کەناری ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دیکە دەکرد.
ئەم ئاژانسە لە غەززە ماددەی خۆراکی و یارمەتیی پزیشکی دەخاتە بەردەست خەڵک، بۆ سەدان هەزار منداڵ کە زیاتر لە دوو ساڵە تا ڕادەیەکی زۆر لە مافی پەروەردە بێبەش کراون، خزمەتگوزاریی پەروەردەیی دابین دەکات، بە ٧٣٠ هەزار ئاوارە خزمەتگوزاریی پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکات و ڕۆژانە ئاوی خواردنەوەی پێویستی ٨٦٠ هەزار کەس دابین دەکات.
چاودێری مافی مرۆڤ جەختی کردەوە هەنگاوی ئەنقەستی حکومەتەکان لە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم ئەم یارمەتییە مرۆییانە، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئونروا سەرباری شەهیدبوونی نزیکەی ٤٠٠ کەس لە کارمەندەکانی لە غەززە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە، زیانپێگەیشتن یان وێرانبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوەکانی و کەوتنیە لێواری داڕمان بەهۆی هەڵپەساردنی سەرچاوە داراییەکان، هێشتا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی ئەم پاڵپشتییە گرنگانە.
ئەم ڕێکخراوە زیادی کرد، "ئەنجوومەنی ئاشتی دەسەڵاتی دیاریکردنی ڕۆڵی ئونروای لە غەززەدا نییە؛ ئەرکی ئەم ئاژانسە تەنها لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەکرێت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت یان کۆتایی پێ بهێندرێت و وڵاتانی ئەندام لە دیسەمبەری ٢٠٢٥دا بە زۆرینەی ڕەها دەنگیان بە درێژکردنەوەی ئەرکەکەی دا."
چاودێری مافی مرۆڤ پێشتریش هۆشداریی دابوو کە ئەنجوومەنی ئاشتی لەوانەیە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی سەر بەو ڕێکخراوە لاواز بکات.
ئەم ڕێکخراوە لە بەرپرسانی رژێمی داگیرکەر داوای کرد پابەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانیان بن و هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ئونروا و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە ڕابگرن.
چاودێری مافی مرۆڤ هەروەها لە وڵاتان داوای کرد دابینکردنی دارایی و پاڵپشتی لە ئونروا بەردەوام بکەن و پارێزگاری لە ئەرکی ئەم ئاژانسە بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە لەبری ناوزڕاندنی ئونروا، باشترە ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاشتی، گوشار بخەنە سەر رژێمی سەهیۆنی بۆ ڕێزگرتن لە بەڵێنەکانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕاگرتنی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە؛ ئەو یارمەتییانەی هێشتا زۆر کەمترن لە بڕی پێویست.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
یەکێتی نیشتمانی کارەبای کوبا ڕایگەیاند، تۆڕی کارەبا بەتەواوی داڕما و بەهۆیەوە کارەبا لە سەرتاسەری وڵاتدا پچڕان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دەیان خوێندکار و مامۆستا کە نزیکەی ٢ مانگ لەمەوبەر لەلایەن چەکدارەکانەوە لە ویلایەتی ئۆیۆ لە باشووری ڕۆژئاوای نێجیریا ڕفێندرابوون، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکاندا ڕزگارکراون.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی دوو بوومەلەرزەی ڤەنزوێلا گیانیان لەدەستداوە گەشتە ٤ هەزار و ١١٨ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٦ هەزار و ٧٤٠ کەس.