شەپۆلی هێرشە توندەکان بۆ سەر بەرهەمهێنەرانی "نازا"؛ لە تۆمەتی خیانەتەوە تا داواکاریی سەندنەوەی ڕەگەزنامە
سەرکەوتنی بەڵگەفیلمی نازا لە فیستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس و کاردانەوەی شایەتیدانی سەربازە سەهیۆنییەکان سەبارەت بە کوشتاری مەدەنییە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە، شەپۆلێک لە کاردانەوەی تووڕەیانەی لە نێوان بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی رژێمی سەهیۆنیدا لێ کەوتووەتەوە.
بە پێی هەواڵێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، میکی زۆهار، بەناو وەزیری کولتوور و وەرزشی رژێمی سەهیۆنی، یەکێک لە توندترین کاردانەوەکانی نیشان دا و دوای بەخشینی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی ڤێنیس بە نازا ڕایگەیاند کە بۆ سەندنەوەی ڕەگەزنامە لە یوڤاڵ ئابراهام و ڕاشێڵ زۆر، بەرهەمهێنەرانی ئەم بەڵگەفیلمە، هەنگاو دەنێت.
زۆهار ئەم دوو فیلمسازەی بە "خیانەتکردن لە ئیسرائیل" تۆمەتبار کرد.
ئیتامار بن گڤیر، بەناو وەزیری ئاسایشی ناوخۆی رژێمی سەهیۆنیش بە هێرشی توند بۆ سەر بەرهەمهێنەرانی نازا، ئەوانی بە مایەی شەرمەزاری و ئابڕووچوون ناو برد و بە زمانێکی سووکایەتیپێکارانە گوتی ئەگەر هەڵوێستی لەم شێوەیەیان هەیە، باشتر وایە بچن بۆ غەززە.
نەفتالی بێنێت، بەناو سەرۆکوەزیرانی پێشووی رژێمی سەهیۆنیش ئەم بەڵگەفیلمەی وەک بوختانێک دژی "ئیسرائیلییەکان" وەسف کرد و وتی ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک ئەوی تووڕە کردووە، ئەوەیە کە گێڕانەوەیەکی لەم شێوەیە نەک لە لایەن ڕەخنەگرانی بیانییەوە، بەڵکوو لە لایەن فیلمسازە "ئیسرائیلییەکانـ"ـەوە بەرهەم هێنراوە و لە ئاستی جیهانیدا بڵاو کراوەتەوە.
بێنێت هەوڵی دا ناوەڕۆکی فیلمەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە کوژرانی مەدەنییەکان لە میانی شەڕدا بە واتای بەئامانجگرتنی ئەنقەستی ئەوان نایەت. ناوبراو هەروەها تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی لە غەززە ڕەت کردەوە و وتی بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە لەبری خستنەڕووی بانگەشەی لەم شێوەیە دەبێت بەرگری لە سوپا بکەن.
سوپای رژێمی سەهیۆنیش بە شێوەیەکی فەرمی ناوەڕۆکی نازای ڕەت کردووەتەوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە شایەتیدانە پێشکەشکراوەکانی ناو ئەم بەڵگەفیلمە جێگەی متمانە نین؛ چونکە ناسنامەی ٢٤ سەرباز و هێزی هەواڵگریی بەشدار لە فیلمەکەدا بە نهێنی هێڵراوەتەوە.
سوپا هەروەها لە کاردانەوە بەو بەشانەی بەڵگەفیلمەکە کە باس لە بەکارهێنانی سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد لە هەڵبژاردنی ئامانجەکانی هێرشەکان دەکات، ڕایگەیاند کە بڕیاری کۆتایی بۆ بەئامانجگرتنی کەسەکان و ناوچەکان لە لایەن هێزە مرۆییەکانەوە دەدرێت و ژیریی دەستکرد بە تەنیا بڕیاردەر نییە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی نزیک لە باڵی ڕاستڕەوی رژێمی سەهیۆنیش هێرشێکی بەرفراوان کراوەتە سەر بەرهەمهێنەرانی نازا و ئەوان بە "خزمەتکردن بە دوژمنانی ئیسرائیل، لەکەدارکردنی وێنەی سوپا و پێشکەشکردنی کەرەستەی پڕوپاگەندە بە نەیارانی ئیسرائیل" تۆمەتبار کراون.
هەندێک لە کەسایەتییە میدیاییە سەهیۆنییەکانیش نەناسراومانەوەی ئەو سەربازانەی ناو فیلمەکەیان کردووەتە بیانوویەک بۆ خستنە ژێر پرسیاری متمانەپێکراوییەکەی و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ناکرێت سەبارەت بە پێگە، پاشخان و ئاستی دەستڕاگەیشتنی ئەم کەسانە بە زانیارییە سەربازییەکان دڵنیا بین.
بەڵگەفیلمی نازا لەسەر شایەتیدانی ٢٤ سەرباز و ئەندامی دەزگا هەواڵگرییەکانی رژێمی سەهیۆنی دامەزراوە کە سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵبژاردنی ئامانجەکان، ئاستی قبووڵکراوی زیانە گیانییە مەدەنییەکان، بەکارهێنانی سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد و بابەتگەلێکی وەک کوشتاری ئەنقەست و تاوانەکانی جەنگ قسە دەکەن.
ئەم فیلمە دوای نمایشکردنی لە فیستیڤاڵی ڤێنیس ڕووبەڕووی نزیکەی ٢٥ خولەک چەپڵەڕێزانی بەپێوەی ئامادەبووان بووەوە و خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی بەدەست هێنا؛ سەرکەوتنێک کە تووڕەیی ناوەندە سیاسییە ڕاستڕەوەکانی رژێمی سەهیۆنی زیاتر لە جاران ورووژاند و باسی ڕووبەڕووبوونەوەی یاسایی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانیدا کێشایە ئاستی حکوومەت.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە سەدا ٤.٧٧ بەرز بوویەوە و بووە ١٠٩.٦٠ دۆلار.
وێنە مانگە دەستکردەکان کە دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بۆری نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای سعوودیە بڵاوکراونەتەوە، ڕادەی زیانەکان ئاشکرا دەکەن. مەزەندە دەکرێت ئەگەر بۆرییەکە چاک نەکرێتەوە، دەکرێت لەسەدا ٤ی دابینکردنی نەوتی جیهانی لە بازاڕدا کەم دەبێتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی MQ-1 یان لە ئاسمانی گەرووی هورمز دەستنیشان کردووە و خستووەتە خوارەوە.