حەماس لە ساڵیادی بەڵێنی بێلفۆر: گەلی فەلەستین تا ئازادی و گەڕانەوە، لەسەر ماف و خاکی خۆی بەردەوام دەبێت
بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماس جەختی کردەوە کە گەلی فەلەستین لەسەر خاکی خۆی سەقامگیر دەمێنێتەوە، پابەندی ماف، خاک و پیرۆزییەکانی دەبێت و تا ئازادی و گەڕانەوە، بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لێیان.
حەماس لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بە بۆنەی لە ١٠٩ـەمین ساڵیادی "بەڵێنی بێلفۆر" بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند ئەم ساڵیادە لە کاتێکدا دێت کە رژێمی سەهیۆنی دەستدرێژی و تاوانەکانی لە کەرتی غەززە، کەرتی ڕۆژئاوا و قودسی داگیرکراودا پەرە پێ داوە؛ خەڵکی غەززە ڕووبەڕووی کارەساتێکی ڕاستەقینە و بەردەوامیی شەڕی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە و فەلەستینییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا و قودسی داگیرکراویش ڕووبەڕووی پلان و بەرنامەی مەترسیداری کۆچی زۆرەملێ و بەزایۆنیکردن بوونەتەوە کە سەرجەم یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. حەماس هەروەها ڕەخنەی لە بێدەنگی و کەمتەرخەمیی نێودەوڵەتی لە کۆتاییهێنان بە تیرۆری پەرەسەندووی سەهیۆنی گرت.
حەماس زیادی کرد، "ئەمڕۆ ١٠٩ ساڵ بەسەر گەورەترین هەڵەی کراو دژ بە گەلێک لە مێژووی هاوچەرخدا تێدەپەڕێت؛ هەڵەیەک کە دەوڵەتی بەریتانیا بە دەرکردنی 'بەڵێنی بێلفۆر' ئەنجامی دا؛ بەڵێنێک لەلایەن کەسێکەوە کە خاوەن نەبوو بۆ کەسێک کە شایستە نەبوو."
حەماس جەختی کردەوە کە هەمان عەقڵییەتی کۆڵۆنیالی هێشتا بەسەر رژێمی سەهیۆنی و دەوڵەتەکەیدا زاڵە و لە قاڵبی سیاسەتی کوشتار، گەمارۆ، برسیکردن و کۆچی زۆرەملێ دژ بە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و شارەکان، گوندەکان و کەمپەکانی کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراودا بەردەوامە.
حەماس ڕایگەیاند "بەڵێنی بێلفۆر" و هەڵە سیاسییەکانی پاش ئەو دژ بە گەلی فەلەستین، مافەکانی و خاکی مێژوویی فەلەستین و هەروەها تاوانەکانی کوشتار، کۆچی زۆرەملێ، پاکتاوکردنی ڕەگەزی و دەرکردن کە رژێمی سەهیۆنی لە کاتی ئەو بەڵێنەوە تا ئەمڕۆ ئەنجامی داون، ناتوانێت کێشەی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین و مافە ڕەواکانی بخاتە پەراوێزەوە یان بیسڕێتەوە. ئەم بزووتنەوەیە جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە کردەوە و تاوانانە بە تێپەڕبوونی کات لەناو ناچێت و هەر وەک بەڵگەیەک لەسەر کردەوەکانی رژێمی سەهیۆنی و پشتیوانانی دەمێنێتەوە.
حەماس جەختی کردەوە کە بەدیهێنانی یەکێتیی نیشتمانی لەسەر بنەمای ستراتیژێکی تێکۆشەرانەی یەکگرتوو کە هەموو ڕەوت و گرووپە فەلەستینییەکان بەشداری تێدا بکەن، تەنیا ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی پلانەکانی رژێمی سەهیۆنی و تاوانەکانیەتی دژ بە خاک، گەل و پیرۆزییە ئیسلامی و مەسیحییەکانی فەلەستین.
حەماس هەروەها جەختی کردەوە کە مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکان بۆ ئەو ماڵانەی کە بە زۆر لێی دەرکراون، مافێکی ڕەوا، یاسایی و نەگۆڕە و هیچ کشانەوە، دەستبەرداربوون یان سازشێک لەبارەیەوە قبووڵ ناکرێت.
حەماس لە ئوممەتی عەرەبی و ئیسلامی و سەرجەم ئازادیخوازانی جیهانی داوا کرد لە ڕێڕەوە جیاوازەکاندا بە شێوەیەکی جیددی بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆری پەرەسەندووی داگیرکەران هەنگاو بنێن، بۆ گۆشەگیرکردن و دەرکردنی نێودەوڵەتیی رژێمی سەهیۆنی تێبکۆشن و پشتیوانی لە سەقامگیریی گەلی فەلەستین و خەباتی ڕەوای بکەن تا ئازادبوونی خاکەکەی، گەڕانەوە بۆی و پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین بە سەروەریی تەواو و بە پایتەختی قودس.
حەماس هەروەها داوای جووڵەیەکی جیددی و کاریگەری نێودەوڵەتی کرد بۆ گوشار خستنە سەر دەوڵەتی رژێمی سەهیۆنی بەمەبەستی وەستاندنی تاوان و کردەوەکانی و جەختی لە پێویستیی دادگاییکردنی سەرانی ئەم رژێمە وەک تاوانبارانی جەنگ لە دادگاکانی نێودەوڵەتیدا کردەوە. حەماس هەروەها داوای بەکارهێنانی سەرجەم هەوڵە بەرپرسیارانەکانی کرد بۆ یارمەتیدانی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی، کە لە سەرووی هەموویانەوە ئازادکردنی خاک و گەڕانەوە بۆیەتی.
حەماس لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا بۆ شەهیدانی فەلەستینی کە لە درێژەی خەباتی گەلی فەلەستیندا شەهید بوون داوای ڕەحمەتی کرد و بۆ بریندار و نەخۆشەکان داوای شیفای بەپەلە و بۆ دیلە فەلەستینییەکان داوای ئازادیی نزیکی کرد. هەروەها سڵاوی بۆ فەلەستینییەکان لە سەرجەم ئەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن نارد و بانگهێشتی کردن بۆ یەکگرتوویی و هاوهەماهیی زیاتر و بەردەوامیدان بە ڕێڕەوی سەقامگیری و بەرگری تا بەدەستهێنانی مافەکان، ئازادیی خاک و گەڕانەوە بۆی.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی هێزەکانی داگیرکەری سەهیۆنی بۆ سەر کەناری غەززە ٤ کەس شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆر کەسیش بریندار بوون.
دۆنالد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی گورزێکی گەورەی تری لە تاران کرد، هاوکات ڕایگەیاند، ڕەنگە بەم نزیکانە شەڕی دژی ئێران کۆتایی پێبێت.
لە ویلایەتی فلۆریدای وڵاتی ئەمریکا لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی تایبەت ٩ کەس گیانیان لەدەستدا.