لە دیاربەکر رێپێوانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئۆپڕاسیۆنی تۆفانی ئەقسا بەڕێوەچوو. فەوزی بەرهوم وتەبێژی حەماس لە میانەی بەشداری لە رێپێوانەکە جەختی لەوە کرد، تێکۆشان تا کاتی ئازادی گشتی فەلەستین بەردەوام دەبێت.
گەلی دیاربەکر کە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ئۆپڕاسیۆنی تۆفانی ئەقسا بەردەوامە لە چالاکییەکانی پشتگری لە ئۆپڕاسیۆنی تۆفانی ئەقسا، بە بۆنەی هەفتەی جیهانی قودس دووبارە لە مەیدانەکاندا بوون.
رێپێوانەکە لە لایەن إتحاد العلماء، رێکخراوەکانی مەدەنی ئیسلامی دیاربەکر، وەقفی زانایانی مەدرەسە، وەقفی ئەڤیندارێن پێغەمبەر، دەزگای پەروەردەیی و هاودەنگی سوفا، مەدرەسەی شەهید عەلی بەنگی و پلاتفۆرمی قودسی ئازاد بە شێوەی هاوبەش رێکخرابوو و بە بەشداری فەوزی بەرهوم وتەبێژی حەماس بەڕێوەچوو.
رێپێوانەکە لە چواڕێیانی دونیا دەستی پێ کرد و لە پارکی رۆبۆسکی کۆتایی هات. دوای رێپێوانەکە فەوزی بەرهوم وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەرکەوتنە هی تەواوی ئوممەتە.
"حەماس لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی خاکەکەمان داگیر کردوون"
بەرهوم ئاماژەی بەوە کرد، لە سەر ناوی گەلی فەلەستین و کەتائیبی قەسام ئێستا لە مەیدانەکانی دیاربەکردایە و وتی، "سڵاوی ئەوان، فەرماندەی گەورە محەمەد ضەیف و ئەبو عوبەیدە کە دەموچاوی داپۆشیوە بەڵام دەموچاوی راستی هەموو کەسی ئاشکرا کرد بۆتان هەیە. لە دیاربەکر و تورکیاوە بەندێکمان، پەیوەندیێکمان لەگەڵ غەززە هەیە. الحمد لله ئێستا ئەم مەیدانانە پڕ دەکەین. لە یەکەم ڕۆژەوە پشتگریتان بە حەماس، جیهادی ئیسلامی و خوشک و برا غەززەییەکانتان راگەیاند، رێپێوانتان ئەنجام دا. ئەمە لەبیر نەکەن، کاتێک ئێمە لە مەیدانی جیهاد بووین دەنگەکەتان لە دیاربەکر و تورکیاوە دەهات. پشتگیریتان بۆ حەماس گەیشتە برا موجاهیدەکانتان و مۆڕاڵیان بەرزکردەوە."
بەرهوم لە بەردەوامی باس لە ئۆپڕاسیۆنی تۆفانی ئەقسا کرد و وتی، "ئۆپڕاسیۆنی ٧ی تشرینی یەکەم لە گەنجە موجاهیدە بژاردەکانی حەماس پێکهاتبوو. حەماس لە ئاسمان، زەوی، دەریا و ژێر زەویەوە هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی خاکەکانمان داگیر کردوون. بە ئیزنی خودا هەموو ئەم مووشەک و هێزانەی ئامادە کراون لە دژی ئەوان وەک ئامێری شەڕ بەکار هێنران. بەم شەڕە لە ماوەی ٣ کاتژمێردا ژمارەیەکی زۆر ناوچەی سەهیۆنییەکان کۆنترۆل کرا. لە ئەنجامی ئەو جیهادەی لە ٧ی تشرینی یەکەم ئەنجام درا لە ماوەی ٣ کاتژمێردا سەدان سەربازی سەهیۆنیمان دەستبەسەر کرد، سەدانیان کوشت و ژمارەیەکی زۆر تانکیان لە ناو برد و ژمارەیەکی زۆر ناوچەمان کۆنترۆل کرد. هەڵبەت هەمووی ئەمانە بە هاوکاری خودا ئەنجام دران."
"بە ئیزنی خودا ئەوانەی سەرکەوتنیان لە دژی زلهێزەکانی جیهانی بەدەستهێنان موجاهیدەکان بوون"
بەرهوم لە بەردەوامی وتی، "سەهیۆنییەکان ٧٦ ساڵ ئامادەکاریان کرد. وڵاتانی ئەوروپی چەندین ساڵ پشتگریان لە سەهیۆنییەکان کرد. بۆ وازهێنان لە تێکۆشانی ئازادی فەلەستین فشارەکانی زۆر توند بە سەر حەماس سەپێندرا، گەماڕۆ درا. بەڵام ئێمە وەک حەماس و تەواوی موجاهیدەکان وەک رابەرەکەمان شەهید ئیسماعیل هەنیە وتمان، 'ئیسرائیل ناناسین.' موجاهیدەکانی حەماس لە ماوەی ٣ کاتژمێردا گورزێکی گەورەیان لە سەربازەکانی ئیسرائیل دایەوە. ئیتر بە هیچ شێوەیەک نەیدەتوانی هەڵبستێت. بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بە تانک و فڕۆکەکانیان هاتنە هاواری ئیسرائیل. بەڵام بە هاوکاری خودا، نەیانتوانی هیچ زیانێک بە موجاهیدەکانی غەززە بگەیێنن. بە ئیزنی خودا ئەوانەی سەرکەوتنیان لە دژی زلهێزەکانی جیهانی بەدەستهێنان موجاهیدەکان بوون."
بەرهوم جەختی لەوە کرد، سەرکەوتنەکەی حەماس هی تەواوی ئوممەتە و وتی، "کۆمەڵگاکەمان کە ئەم گۆڕەپانەیان پڕ کرد، زانایە بەنرخەکانمان، پیرەکانمان، گەنجەکانمان و خوشکەکانمان، ئێوە لە مەیدانی جیهاد لە غەززە لەگەڵمان بوون. ئەمڕۆ با گەنج و پیر و ئافرەتانی دیاربەکر ناوی خۆیان لەسەر تابلۆی شەرەف بنووسن. ئەم سەرکەوتنە تەنها هی ئێمە نییە، هی ئێوەشە. دوای ٧ی تشرینی یەکەم هاوسەنگی جیهان، غەززە، فەلەستین، ئەوروپا گۆڕانکاری بەسەردا هات. سەردەمانێک جولەکەکان بە خەڵکی دونیایان دەگوت کە چەوسێنراون و چەوسێنراون. بەڵام دوای ٧ی تشرینی یەکەم هەموو جیهان بینی کە گەورەترین تاوانبار و ستەمکار و ئەوانەی شایەنی سزان لە جیهاندا جولەکەکانن. دیسانەوە دوای ٧ی تشرینی یەکەم خەڵکی جیهان درکیان بەوە کرد کە فەلەستین هی فەلەستینییەکانە، غەززە هی غەززییەکانە، قودس هی موسڵمانەکانە."
"بە ئیزنی خودا لە بەردەممان جیهادی گەورە هەیە خۆتان بۆی ئامادە بکەن"
بەرهوم لە کۆتاییدا وتی، "سەرکەوتنێکمان هەیە بەڵام دەبێت بزانرێت کە ١٠٠ هەزار تۆن بە سەر غەززەدا فڕێ دراوە. ٥٠ هەزار شەهید و ١٢٠ هەزار بریندارمان هەیە. ٢٠٠ هەزار خانوومان ڕوخا. شەڕ هێشتا تەواو نەبووە. گەلی فەلەستین و غەززە و کەتائیبی قەسام لە ناو ئارامی و خۆشیدانە بەڵام ئێمە ناوەستین و ئامادەکاری بۆ شەڕی گەورە بۆ ئازادی گشتی فەلەستین دەکەین. بانگێشتی گەنج، پیر، زانا، مامۆستا، مەلا، ئافرەت، ئەندامانی میدیا و ڕۆژنامەکان دەکەم. بە ئیزنی خودا لە بەردەممان جیهادی گەورە هەیە خۆتان بۆی ئامادە بکەن. إن شاء الله بە جیهادی گەورە فەلەستین بە گشتی ئازاد دەکەین. لە بەردەمماندا دیوارێک یان سنوورێک نابێت و هەموومان پێکەوە بەرەو ئەقسا و قودس دەچین."
بەرنامەکە بە ئەنجامدانەوەی دوعا لە لایەن مەلا حوسێن ئینجی کۆتایی هات.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە شاری قەسری شیرین پارێزگای کرماشان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.١ رووی دا.
لە دیاربەکر پانێلی "ئەمانەتی ئوممەت قودس و غەززە" بەڕێوەچوو کە لە ئەنجامی هەفتەی جیهانی قودس رێکخرابوو. لە وتارەکانی کە پێشکەش کران چەندین پەیامی گرنگ درا.
وەقفی ئەڤیندارێن پێغەمبەر سبەینێ لە دیاربەکر رێپێوانێک بە تەوەری "ئەمانەتی ئوممەت قودس و غەززە" رێکدەخات.