بەرگریی شارستانیی غەززە: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەمریکا بەرپرسی گیانلەدەستدانی فەلەستینییەکانن بەهۆی تەقینەوەی پاشماوە جەنگییەکان
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە بەدوای روودانی ٣ تەقینەوەی سەرچاوەگرتوو لە پاشماوەی بەجێماوی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری سەهیۆنی لە ناوچە جیاوازەکانی ئەم کەرتە، منداڵێک شەهید بووە و چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و زیانی ماددی بەر ماڵی هاووڵاتییان کەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە زیادبوونی روودانی ئەم رووداوانە لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە ماوەی دواییدا، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکەکان لە غەززە، رژێمی سەهیۆنی و ناوەندی هەماهەنگیی ئەمریکای بە بەرپرسی تەواوی گیانی ئەو هاووڵاتییانە زانی کە دەبنە قوربانیی ئەم تەقینەوانە.
لەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە بەشە تایبەتمەندەکانی بەرگریی شارستانی تا ئێستا کۆبوونەوەی زۆریان لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی داڕشتنی پلانێکی هاوبەش و بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ئەم پاشماوانە و کەمکردنەوەی ڕووداوەکان ئەنجام داوە؛ بەڵام ئەم هەوڵانە ڕووبەڕووی خاوخلیچکی، دواکەوتنی بێ پاساو و دوودڵی لە پەیوەندیکردن بە "ناوەندی هەماهەنگیی ئەمریکا" و دامەزراوە بەرپرسەکانی دیکە بوونەتەوە.
بەرگریی شارستانیی غەززە ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای ڕاوێژە بەرفراوانەکان، تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرجەستە لە مەیدانی کاردا بۆ لابردنی ئەم مەترسییە جددییە نەبینراوە.
ئەم ڕێکخراوە فەلەستینییە هەروەها بێهەڵوێستی و جووڵەنەکردنی جددیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و نووسینگەی "ڕووبەڕووبوونەوەی مین"ی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNMAS)ی بەتوندی دایە بەر ڕەخنە و ڕایگەیاند کە بەجێهێشتنی دانیشتووانی غەززە لە ناو کۆمەڵێک تەقەمەنی و چەکی نەتەقیودا، نیشانەی پرسیاری گەورە لەبەردەم ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوانە دروست دەکات.
بەرگریی شارستانیی غەززە لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئەم بێباکییە، پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەکانی ژنێڤ، پرۆتۆکۆلە پاشکۆکانی و هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە جەخت لەسەر پاراستنی گیانی مەدەنییەکان دەکەنەوە.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
تۆڕی پزیشکانی سوودان ڕایگەیاند، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ١٦ کەس لە شارۆچکەی دەلەنجا لە ویلایەتی کۆردۆفانی باشوور گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ڕایانگەیاندووە کە پێشێلکاریی جددی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل لە سەرتاسەری وڵاتدا ئەنجام دەدرێت.
لەگەڵ تەواوی ڕێگرییەکان و بەربەستەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی ٥٠ هەزار مسوڵمان لە مزگەوتی ئەقسا نوێژی هەینیان ئەنجام دایەوە.
وەقفی خێرخوازی یەتیمەکان لە ئەنجامی چالاکییەکانی خێرخوازی لە وڵاتی کینیا نەشتەرگەری ئاوی سپی چاو ئەنجام دایەوە.