ئەبو عوبەیدە: هێمای خۆڕاگریی فەلەستین و دڵی لێدەری بەرخۆدان
لە کەمپی ئاوارەکانی جەبالیا، لەو شوێنەی شەپۆلەکان خۆیان بە بەردەکانی ئارامگرتندا دەدەن، حوزەیفە سەمیر ئەلکەحلوت لە ١١ی شوباتی ١٩٨٤، لە خێزانێکی فەلەستینی کە لەلایەن دوژمنی سەهیۆنییەوە لە گوندی "نەعلیا" لە ساڵی ١٩٤٨ کۆچپێکرابوون، لەدایک بوو.
لێرە، لە دڵی غەززە، ڕەگەکانی لەسەر خاکی نەکبە گەشەی کرد و کەسایەتییەکەی لەنێوان هەناسەکانی ئازار و ئاوازەکانی بەرگریدا دروست بوو؛ تا ببێت بە چراخانێک بۆ خۆڕاگری و ئاڵایەک بۆ هیوای نەوەکانی خاکی داگیرکراو.
نازناوی "ئەبوعوبەیدە"ی هەڵبژارد تا ناوەکەی وەک هێمایەک لە پتەوی و وەفاداری بۆ بنەما نیشتمانییەکانی فەلەستین، لە ئاسمانی بەرگریدا هەڵواسرێت.
بیروباوەڕی لە زانکۆی ئیسلامی خوێند؛ بە زانست پێش چەک چەکدار بوو و لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە ڕێڕەوی جیهادیی خۆی لە کەتائیبی شەهید عیزەدین قەسام دەستپێکرد؛ ڕێڕەوێک کە دواتر ئەوی کردە دەنگی باڵی سەربازیی پتەوی بەرگریی فەلەستین.
یەکەم دەرکەوتنی میدیایی لە ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤ بوو؛ کاتێک کە دەربارەی دەستدرێژیی دوژمنی سەهیۆنی بۆ سەر کەمپی جیبالیا قسەی کرد. لەو ڕۆژەوە، دەنگەکەی بوو بە سەرچاوەی ڕاستی؛ وشەکانی دەوشاری و هەر پەیامێکی دەکردە خوێنبەرێک کە دڵی گەلی فەلەستین تێرئاو دەکات.
لە حوزەیرانی ٢٠٠٦، بە ڕاگەیاندنی بەدیلگرتنی "گیلعاد شالیت" سەربازی داگیرکەری سەهیۆنی لە ئۆپەراسیۆنی "وەهنی بەباداچوو"، ئەستێرەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی درەوشایەوە. لەو کاتەوە، هەنگاو و جووڵەکانی لە مەیدانەکانی بەرگریدا بوون بە لاپەڕەگەلێک لە مێژووی ئازایەتی کە لە یادەوەریی ئوممەتدا نەخشێنراوە. لە هەموو دەستدرێژییەکانی رژێمی داگیرکەر بۆ سەر غەززە لە ساڵەکانی ٢٠٠٨، ٢٠١٢ و ٢٠١٤، بە پتەوی مایەوە؛ وەک شاخێک کە با نایجووڵێنێت، و دوژمنی داگیرکەر سەرباری هەوڵەکان، لە تیرۆرکردنیدا شکستیهێنا.
دەنگێک کە لە ماڵەکانی جیهاندا دەنگی دایەوە
ئەبو عوبەیدە بە میدیا یان پلاندانانی سەربازییەوە سنووردار نەبوو؛ پردێک بوو لەنێوان بەرگری و خەڵکەکەی. دەنگێک کە لە هەموو ماڵێکی فەلەستینیدا دەنگی دایەوە، پەیامەکانی خۆڕاگری و وەستانی هەڵدەگرت و ڕێگای سەرکەوتنی دەکێشا؛ تەنانەت لە تاریکترین ڕۆژەکانی جەنگ دژی غەززە لە ساڵی ٢٠٢٣، کاتێک کە دوای ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" لە پێشەنگی گۆڕەپانەکەدا وەستا.
لە ٣٠ی ئاب ٢٠٢٥، رژێمی داگیرکەر هەوڵی دا ڕووناکی ئەم هێمایە خامۆش بکات؛ ئەبو عوبەیدەی لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ماڵەکەی، لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی، تیرۆر کرد. بەڵام شەهیدبوونی کۆتایی ڕێگا نەبوو؛ بوو بە خاڵی دەستپێک و مەشخەڵێک کە ڕێگای بەرگری ڕووناک دەکاتەوە و ئیرادەی گەلی فەلەستین دەجووڵێنێت.
ئەو لەسەر شاشە بێدەنگ بوو، بەڵام لە هەر وشەیەکدا هاواری دەکرد و پەنجەرەیەکی لە هیوا بەڕووی جیهاندا دەکردەوە. هێمابوونی لە هاوسەنگی نێوان هێز و مرۆڤایەتیدا بوو؛ لەنێوان زانست و چەک، لەنێوان ئەندێشە و خۆڕاگری.
کەسایەتییەکەی بوو بە نموونەی سوارچاکێک کە بە هەموو ئامرازەکانییەوە بۆ زەوی و خەڵکەکەی دەجەنگێت؛ میراتێکی لە ورە و متمانە بەجێهێشت کە ناوەکەی لە یادەوەریی ئوممەتدا نەخشاند؛ هەتاهەتایی وەک بەردی فەلەستین، کە باکانی داگیرکاری نایلەرزێنن.
ئەبو عوبەیدە تەنیا وتەبێژێکی فەرمی نەبوو؛ لێدانی دڵی ئوممەت بوو، دەنگدانەوەی بەرگری و هێمای خەونی فەلەستینیی ئازادی و کەرامەت بوو؛ خەونێک کە هەرچەند دەستەکانی تاریکی هەوڵبدەن خامۆشی بکەن، گەشاوەتر دەمێنێتەوە.
دابەزینی فەرماندە گەورەکە
وتەبێژی سەربازیی نوێی کەتیبەکانی قەسام لە پەیامی سەرەخۆشیی ئەلکەحلوتدا وتی، "بە ئوممەت و گەلەکەمان، سەرەخۆشیی شەهیدبوونی فەرماندەی گەورە حوزەیفە سەمیر عەبدوڵڵا ئەلکەحلوت (ئەبو ئیبراهیم) ڕادەگەیەنین؛ کەسێک کە دوای دوو دەیە ئازاردانی دوژمنان و فێنککردنەوەی دڵی باوەڕداران، لە ئەسپ دابەزی و بە دۆخێکی باشەوە بەرەو دیداری خودا ڕۆیشت."
هەروەها وتی، "کام نیشانە بەڵگەنەویستترە لە ڕاستگۆیی لەگەڵ خودا، جگە لەوەی کە خودا ناوی ئەو لەنێو جیهانییاندا بەرز بکاتەوە و قبووڵکردنی ئەو لەسەر زەوی دابنێت."
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی، "ئەو دوای ئەوە دابەزی کە سیستەمی میدیایی قەسامی بە دەسەڵاتەوە ڕێبەرایەتی کرد و لەگەڵ براکانی ئەوەی دۆست و دوژمن لە کارکردێکی شەرافەتمەندانە بینییان تۆماری کرد و ڕەوتەکانی تۆفانی ئەقسا و ئازایەتییەکانی موجاهیدانی غەززەی لە جوانترین دیمەنەکاندا بە جیهان گەیاند."(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ویلایەتی کۆردۆفانی باکووری سوودان، چڕبوونەوەی شەڕ لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، شەپۆلی نوێی ئاوارەبوونی لێکەوتەوە.
وەزیری بەرگری بەلجیکا تیۆ فرانکن ڕایگەیاند کە لە نێوان ٤ بۆ ١٨ی ئەیلول ٣٠ سەربازی بەلجیکا بۆ گرینلاند ڕەوانە دەکرێن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە شاری مەککە لەگەڵ محمەد بن سەلمان شازادەی سعوودیە کۆبوویەوە.
لە ناوچەی جەرمانای دیمەشق، تەقینەوەیەک لەناو مینی پاسێکدا تەقیەوە و بەهۆیەوە ٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.