محەممەد سینوار: مێشکی بیرمەندی قەسام و فەرماندەیەک کە جەنگی لە سێبەردا بەڕێوە برد
شەهید محەممەد سینوار فەرماندەی گشتیی قەسام دوای شەهیدبوونی محەممەد زەیف، بەپێچەوانەی زۆرێک لە کەسایەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی فەلەستین، بەرهەمی ساتێک یان رووداوێکی تایبەت نەبوو؛ ئەو لەدایکبووی ژینگەیەک بوو کە داگیرکاری، سەرکوت و بەرگری هاوکات لەخۆ دەگرت.
لە بەستێنێکی وەهادا، بەرگری نەک هەڵبژاردنێکی تەکتیکی، بەڵکوو شێوازێک بوو بۆ ژیان. هەر ئەم زەمینەیە، کەسایەتی پیاوێکی پێکهێنا کە سێ دەیە، بەبێ ئەوەی ببینرێت، لە گرنگترین پێچەکانی جەنگ لە فەلەستین ڕۆڵی گێڕا.
لە ساڵانی گەنجیدا، هۆشیاری سیاسی و ئایینی محەممەد سینوار لەژێر کاریگەری برا گەورەکەی، شەهید یەحیا سینوار، لە کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی حەماس، پێکهات؛ کەسایەتییەک کە دواتر لە کاتی جەنگی "تۆفانی ئەقسا" لە تێهەڵچوونی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکاندا شەهید بوو. ئەم کاریگەرییە، تەنیا سۆزداری نەبوو؛ بوو بە پابەندبوونێکی کردەیی. محەممەد سینوار هەر لە سەرەتاوە لە چالاکییە ئایینی و ڕێکخراوەییەکاندا بەشداری کارای هەبوو و هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی حەماس لە کانوونی یەکەمی ١٩٨٧، پەیوەندی بە ڕیزەکانییەوە کرد؛ شوێنێک کە باوەڕ، دیسیپلین و کاری ڕێکخستن تێکەڵ بە یەک بوون.
لە دەعوەوە بۆ قەسام؛ لەدایکبوونی مێشکێکی سەربازی
ساڵی ١٩٩١ خاڵی وەرچەرخان بوو لە ڕێڕەوی ئەودا؛ کاتێک کە پەیوەندی بە باڵی سەربازی حەماس، واتە کەتائیبی قەسامەوە کرد. محەممەد سینوار بەدوور لە هەراوهویا، پلە بە پلە لە پێکهاتەی فەرماندەییدا بەرز بووەوە، ئەزموونی مەیدانی کۆکردەوە و بوو بە ئەندامێکی کاریگەر لە فەرماندەیی گشتی. لە ساڵی ٢٠٠٥، فەرماندەیی لیوای خان یوونس یەکێک لە گەرمترین بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە بەو سپێردرا.
لەم قۆناغەدا، هاوکاری نزیکی ئەو لەگەڵ فەرماندەی گشتیی قەسام شەهید محەممەد ئەلزەیف و جێگرەکەی شەهید مەروان عیسا، ناوکێکی لە هاوبەشی سەربازی لەسەر بنەمای پلاندانی ورد و بێدەنگی ئۆپەراسیۆنی پێکهێنا؛ هاوبەشییەک کە دوای تۆفانی ئەقسا، بە تیرۆری ئەم دوو فەرماندەیە لەلایەن رژێمی داگیرکەرەوە کۆتایی هات.
"ئەلوەهم ئەلموتەبەدد"؛ ئۆپەراسیۆنێک کە ئەفسانەی دروست کرد
ئۆپەراسیۆنی "ئەلوەهم ئەلموتەبەدد" (وەهمی داڕووخاو) لە ساڵی ٢٠٠٦، ناوی محەممەد سینواری بەبێ ئەوەی ببینرێت خستە ناوەندی سەرنجی دەزگا ئەمنییەکانی رژێمی داگیرکەرەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنە کە بووە هۆی بەدیلگرتنی سەربازی سەهیۆنی، گلعاد شەلیت، خاڵی وەرچەرخانێک بوو لە جەنگی هەواڵگری و دەروونیدا. سەرچاوە جۆراوجۆرەکان، بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی پلاندانان، دابینکردن و بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە دەدەنە پاڵ محەممەد سینوار. دامەزراندنی "یەکەی سێبەر"ی قەسام بۆ پاراستن و ڕاگرتنی شەلیت لە ماوەی پێنج ساڵدا، یەکێک لە ئاڵۆزترین شکستە هەواڵگرییەکانی رژێمی داگیرکەری تۆمار کرد.
سێ دەیە بەدواداچوونی بێ ئەنجام
لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ەوە، محەممەد سینوار ئامانجی جێگیری تیرۆر بوو. ماڵەکەی لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٤ بۆردومان کرا؛ لە جەنگی ٢٠٢١ی ناسراو بە "سەیف ئەلقودس" (شمشێری قودس)یش لە هەوڵی کوشتن ڕزگاری بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرگیز وێنە یان دەرکەوتنێکی ئاشکرا لێی تۆمار نەکرا. هاوشێوەی محەممەد زەیف، ژیان لە سێبەری کردبوو بە بنەمایەکی ئەمنی؛ ئەمەش هەژارییەکی هەواڵگریی درێژخایەنی بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی رژێمی داگیرکەر دروست کرد.
مرۆڤی پشت فەرماندە
لە پشتەوەی حیساباتە سەربازییەکان، محەممەد سینوار بە سادەژیانیی ئاگایانە ناوبانگی هەبوو. هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی، خۆبەدوورگرتن لە هەرچەشنە تەشریفاتێک، بێدەنگیی کەموێنە و وردبوونەوەی بەرز، تایبەتمەندییە هەمیشەییەکانی بوون. زیانی جەستەیی بەهۆی هەوڵی کوشتنی ٢٠١٤ کە بووە هۆی چەمانەوەی پشتی هەرگیز نەبووە ڕێگر لە ئامادەبوونی مەیدانیی. ڕاپۆرتەکان باسی مانەوەی درێژخایەنی لە تونێلەکان و چاودێریی ڕاستەوخۆ بەسەر وردترین ئامادەکارییەکان دەکەن.
تۆفانی ئەقسا؛ فەرماندەیی لە پێچێکی مێژووییدا
لە ٧ی ئۆکتۆبەردا، محەممەد سینوار لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی داڕشتنی ئۆپەراسیۆن و دواتر ڕێکخستنی بەرگریی غەززە بوو. لە گەرمەی جەنگدا، فەرماندەیی گشتیی قەسامی گرتە ئەستۆ؛ بەرپرسیارێتییەک لە یەکێک لە ئاڵۆزترین قۆناغەکانی مێژووی بەرگری. سەرەنجام، لە ٢٩ی دیسەمبەر، کەتائیبی قەسام شەهیدبوونی ئەویان ڕاگەیاند؛ پیاوێک کە لە ئەلوەهم ئەلموتەبەدد تا تۆفانی ئەقسا، بێ وەچان لە سێبەردا مایەوە.
شەهید محەممەد سینوار هەرگیز بەدوای ناوبانگدا نەبوو. وێنەی نەویست و مینبەری نەخواست. بەڵام کاریگەریی ئەو، لە ڕێڕەوی بەرگریی فەلەستین، حاشاهەڵنەگرە؛ ئەمە شایەتییە بۆ ئەو ڕاستییەی کە هەندێک جار چارەنووسی جەنگەکان کەسانێک دیاری دەکەن کە نابینرێن، بەڵام شوێنپێیان بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
سوپای ئەمریکا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای کاریبیدا بە کاروانێکەوە ٣ بەلەمیان لێدا و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە مادەی هۆشبەریان پێیە؛ لەو هێرشانەدا ٣ کەس کوژران.
لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣یەوە لە کەرتی غەززە گەشتە ٧١ هەزار و ٢٧١ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٧١ هەزار و ٢٣٣ کەس.
تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکان و سەدان بەڵگەنامەی نهێنی ئاشکرایان کردووە کە ئەفسەرانی باڵای سەربازیی رژێمی ڕووخێنراوی ئەسەد بەنیازن هێرشێکی چەکداری لە سوریا بکەن و حکومەتی نوێ لە دیمەشق بکەنە ئامانج.
دوای چەند ڕۆژێک لە باران بارینی بەخوڕ لە ئەفغانستان، ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١ کەسیش بریندار بوون.