هودا پار سەبارەت بە مشتومڕ لەسەر شیعری "کوردی" لێدوانێکی دا: دەبێت ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی دایک لاببرێن

یونس ئەمیرئۆغلو وتەبێژی هودا پار هەڵسەنگاندنێکی لەبارەی ڕۆژەڤی ناوخۆیی و دەرەوە بڵاو کردەوە.
یونس ئەمیرئۆغلو وتەبێژی هودا پار هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئەو مشتومڕانە کرد کە لەسەر ئەو شیعرەی کوردی سەریهەڵدا کە نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە دیاربەکر خوێندبوویەوە و لە ئەکاونتی سۆشیال میدیای پەرلەماندا بڵاوکرایەوە. ئەمیرئۆغلو لە هەڵسەنگاندنەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی دایک لاببرێن.
ئەمیرئۆغلو لەسەر ئەو بابەتە وتی، "پێویستە هەموو ئاستەنگە کردەیی و یاساییەکان لەبەردەم بەکارهێنان و قسەکردن بە زمانی دایکی لاببرێن."
"ئەم بەرتەکانە بەرامبەر بە زمانی کوردی خزمەت بە ئامانجی پتەوکردنی یەکڕیزی و تەبایی تورکیا ناکات"
نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و زەکەریا یاپیچیئۆغلو سەرۆکی گشتیی هودا پار هەندێک سەردانیان بۆ دیاربەکر کرد و ئەمیرئۆغلو ڕایگەیاند، ئەو پەیامانەی لە سەردانەکەدا دراون زۆر گرنگ بوون.
ناوبراو وتی، "کاردانەوەکان بەرامبەر بە زمانی کوردی کە نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمان بە کوردی قسەی کرد و لە سۆشیال میدیای پەرلەماندا بڵاوکرایەوە، لەگەڵ ئەم وڵاتەدا ناگونجێت و جێگەی قبوڵکردن نییە. ئەم بەرتەکانە بەرامبەر بە زمانی کوردی خزمەت بە ئامانجی پتەوکردنی یەکڕیزی و تەبایی تورکیا ناکات."
"پێویستە ڕێگە بدرێت بە زمانی دایکی هاووڵاتیان قسە بکرێت"
یونس ئەمیرئۆغلو بیری هێنایەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا پۆست بە زمانە بیانییەکانی دیکە لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای پەرلەمان بڵاوکراونەتەوە و هیچ وەڵامێکیان بۆ نەدراوەتەوە و دواتر وتی، "ئەم بەرتەکە بەرامبەر بە زمانی کوردی، کە زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئێمە بەکاری دەهێنن، بە ڕوونی دوژمنایەتییە بەرامبەر بە کوردی و کورد. ئەم کاردانەوە و بێدەنگی و هەڵوێستەی کە نیشان دراوە نیشانەی بێ بایەخ کردنی بوونی کورد و نکۆڵی لە زمانەکەیە. بەداخەوە تا ئێستاش ئەم بێدەنگی و هەڵوێستە لە دەستووری ساڵی ١٩٨٢دا ڕەنگ دەداتەوە کە دەستووری کودەتایە. هەموو ئەو ئاستەنگە کردەیی و یاساییانەی کە لە بەکارهێنانی زمانی دایکدا هەن جگە لە زمانی تورکی، بێ مەرج لاببرێن. دەبێت زمانی دایکی هاووڵاتیان لە هەموو بوارەکاندا، وەک پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ڕێگە بدرێت."
"کورد لەگەڵ خوشک و برا موسڵمانە تورکەکانیدا، یەکێک لە دوو توخمە ڕەسەنەکانی دامەزرێنەری کۆماری تورکیان"
ناوبراو باسی لەو گۆڕانکاریانە کرد کە بەهۆی ئەو ڕێسایەی کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە، هاتنە بواری جێبەجێکردنەوە و وتی، "لەگەڵ فەرمانی سەرۆکایەتیدا یاسایەک دەرچوو کە تیایدا هاتووە ئەو پێکهاتانەی بەڕەچەڵەک تورکن و هاوڵاتی کۆماری تورکیا نین، چیتر لە تورکیا بە بیانی نازانرێن و لە کاتی کارکردن لە کەرتی گشتی یان تایبەتدا هەڵاواردنێکی ئەرێنییان پیشان دەدرێت؛ بەڵام تا ئێستا ئەم مافە بەو کەسانە نەدراوە کە بەڕەچەڵەک کوردن و هاوڵاتی کۆماری تورکیا نین، ئەمەش کەموکوڕییەکی گەورەیە. کورد لەگەڵ خوشک و برا موسڵمانە تورکەکانیدا، یەکێک لە دوو توخمە ڕەسەنەکانی دامەزرێنەری کۆماری تورکیان. بۆیە پێویستە ئەو پێکهاتانەی کە بەڕەچەڵەک کوردن بەڵام هاوڵاتی کۆماری تورکیا نین وەک گەلانی یەک ڕەگەز بناسرێن و بتوانن سوود لە هەمان مافی یاسایی وەربگرن."
ئەمیرئۆغلو لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پێناسەی هاوڵاتیبوون لە دەستووردا لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوڵاتیبوون، و وەکو گشتگیر بۆ هەموو مرۆڤەکان، دووبارە جێگیر بکرێتەوە.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
ئیسحاق ساغلام یاریدەدەری سەرۆکی گشتی هودا پار لە پارێزگای وان کۆنفڕانسێکی میدیایی ڕێکخست و ڕاگەیاند کە "لە وان وۆرکشۆپی چارەسەری مرۆیی بۆ پرسی کورد ڕێکدەخەن."
پەکەکە لە ٢١ی تشرینی یەکەم ١٩٩٣ لە گوندی شکارمی شارۆچکەی هاوێلی پارێزگای سێرت کۆمەڵکوژیێک ئەنجام دا کە لە ئەنجامی ٢٢ کەس کوژران.
شەهید عبدالسلام ئیردەم ئەندامی جەماعەتی حزب الله-ی باکووری کوردستان و تورکیا کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەکان لە دیاربەکر شەهید بوبوو لە سەر گۆڕەکەی یاد کرا.