هێلێڤی: هێرشەکەی حەماس تووشی شۆکی کردین

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عیبری، بە پشتبەستن بە فایلە دەنگییە دزەپێکراوەکانی هێرتسی هێلێڤی، سەرۆکی پێشووی بەناو ئەرکانی سوپای رژێمی سەهیۆنی، بڵاویان کردەوە کە ناوبراو دانی بەوەدا ناوە کە "لەشکری غەززە" لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ئۆپڕاسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بە تەواوەتی ڕووخاوە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، بە گوتەی هێلێڤی، ئەم ڕووخانە بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر بەردەوام بووە و سیستەمە بەرگرییەکانی رژێمی سەهیۆنی لە کاتژمێرە سەرەتاییەکاندا بە یەکجاری لە کار کەوتوون. ئەو لە دیدارێکیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە دانیشتووانی شارەک نشینانی کیبوتسی "عین هبسور" لە نزیک غەززە، جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئێمە چاوەڕوانی هێرشمان لە ٦ بۆ ٨ خاڵەوە دەکرد، بەڵام هێرشەکە لە ٤٠ خاڵەوە و بە بەشداری نزیکەی ٦ هەزار کەس ئەنجام درا. هەرگیز خەیاڵی ژمارەیەکی ئاوها زۆری هێرشبەر و ئەو قەبارە کەرەستە و ئۆتۆمبێلە بەکارهاتووەمان نەدەکرد."
هێلێڤی زیادی کرد، "بەداخەوە ئێمە لە پێشبینیکردنی ئەم هێرشەدا شکەستمان خوارد و تەنانەت نیوەی ئەو زانیارییە پێویستانەشمان لەبارەی نیازی حەماس بۆ هێرشێک بەم قەبارەیە دەست نەکەوت." هەروەها ئاشکرای کرد کە حەماس دوو جار پێش ٧ی ئۆکتۆبەر خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپڕاسیۆنە ئامادە کردبوو، بەڵام بە هۆکاری ناوخۆیی دواخستبووی.
بە وتەی ئەو، حەماس بە لێهاتووییەوە ئۆپڕاسیۆنەکەی خۆی شاردەوە و "ئیسرائیل"ی خەڵەتاند. لەم بارەیەوە وتی، "ئێمە بە مانۆڕە ناوخۆییەکانی حەماس ڕاهاتبووین و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرنجی پێویست نەدەینە جووڵە نوێیەکانیان. ئێمە حەماس-مان بە کەم نەگرت، بەڵام ئەم هێرشە لە ڕووی کات، قەبارە و توندییەوە بە تەواوەتی تووشی شۆکی کردین."
سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای سەهیۆنی، ٧ی ئۆکتۆبەری بە "شکستێکی گەورە و کارەساتبار" وەسف کرد و دانی بەوەدا نا، "پێمان وا نەبوو حەماس گەیشتبێتە ئەو قۆناغەی کە دەستپێشخەری بگرێتە دەست و هێرشێک لەم ئاستەدا ڕێکبخات. ئەوان توانیان ئەم ئۆپڕاسیۆنە بە شێوەیەکی تەواو لەبەرچاوی ئێمە بشارنەوە."
ناوبراو سەبارەت بە بانگەشەکانی بنیامین نەتانیاهۆ کە گوایە سوپا و شاباک لە بەیانی ٧ی ئۆکتۆبەردا ئەویان لە هێرشەکە ئاگادار نەکردووەتەوە، وتی، "ئەگەر دەزگا ئەمنییەکان زانیارییان لەبارەی هەڕەشەیەکی بەم قەبارەیە هەبوایە، تەنانەت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەرپرسە سیاسییەکان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەنگاویان دەنا. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هێرشەکە هەمووانی تووشی شۆک کرد."
لە هەمان دانیشتندا، یارۆن فینکلمان، فەرماندەی پێشووی بەرەی باشووری سوپای سەهیۆنی، ڕایگەیاند، "حەماس نەک تەنها لە ٧ی ئۆکتۆبەر ئێمەی تووشی شۆک کرد، بەڵکوو بەو توانایانەی کە ئامادەی کردبوون سەرکەوتوو بوو لەم کارە. ئێمە نە لە ڕووی هەواڵگرییەوە و نە لە چوارچێوەی تیۆرییە سەربازییەکانماندا توانای تێگەیشتنمان لەوە نەبوو."(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
رژێمی سەهیۆنی هەڵیکوتایە سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەناری ڕۆژئاوا لەوان قودس و لانیکەم ٣٠ فەلەستینی دەستبەسەر کرد.
لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی بۆ سەر غەززە کە ٧ی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد ژمارەی شەهیدەکان گەشتە ٦٤ هەزار و ٧١٨ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٦٣ هەزار و ٨٥٩ کەس.
بوومەلەرزەکەی بە گوڕی ٦ لە پارێزگای کونەر لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بووە هۆی گیانیان لەدەستدانی ٣ هەزار کەس و ٤ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. کاروانی ئومێد، وەقفی یەتیمەکان، یەتیم ئەلی ئەوروپا و ئیهۆ ئەبرار هاوکاریان پێشکەش بە قوربانییەکان کرد.