جیهادی ئیسلامی: بڕیارنامەکەی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، سەپاندنی سەرپەرشتیارییە بەسەر غەززە و پێشێلکردنی مافەکانی گەلی فەلەستینە
بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پەسەندکردنی بڕیارنامە پێشنیازکراوەکەی ئەمریکا سەبارەت بە غەززە لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڕەتکراوە و قابیلی قبووڵ نییە و هیچ کام لە گرووپ و چین و توێژەکانی گەلی فەلەستین سەرپەرشتیارییەکی لەو شێوەیە بەسەر غەززەدا قبووڵ ناکەن.
بزووتنەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژە ناوبراوەکە هەوڵێکە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە داگیرکەران سەرەڕای شەڕە یەک لەدوای یەکەکان نەیانتوانی پێی بگەن.
جیهادی ئیسلامی ڕوونیکردەوە کە مەترسیی سەرەکیی ئەم بڕیارە لەوەدایە کە غەززە لە باقیی خاکی فەلەستین دادەبڕێت و واقیعێک بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت کە بنەما نیشتمانییەکان و مافی گەل لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و بەرگریکردن لە دژی داگیرکاری پێشێل دەکات؛ مافێک کە هەموو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان دانیان پێدا ناوە.
بزووتنەوەکە زیادی کرد، "مافی بەرگری بە هەموو ئامرازە ڕەواکان، مافێکی یاسایی گەلی فەلەستینە و چەکی بەرگری، گەرەنتیی پاراستنی ئەم مافە دەکات. بۆیە، هەر ئەرکێکی هێزە نێودەوڵەتییەکان کە هەوڵدان بۆ دانانی چەکی بەرگری لەخۆبگرێت، ئەو هێزانە لە لایەنێکی بێلایەنەوە دەکاتە هاوبەش لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی رژێمی داگیرکەر."
جیهادی ئیسلامی هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان، کردنەوەی دەروازەکان و فریاگوزاری بۆ خەڵکی گەمارۆدراوی غەززە ئەرکێکی مرۆییە و نابێت بکرێتە ئامرازێک بۆ فشاری سیاسی یان باج وەرگرتن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سەپاندنی پێکهاتەیەکی حوکمڕانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەسەر بەشێک لە گەلی فەلەستیندا بەبێ ڕەزامەندیی خۆیان، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.
لە کۆتاییدا، بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی ڕەخنەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش گرت بەهۆی پشتگوێخستنی دادپەروەری و چاوپۆشیکردن لە دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ و هەروەها بەهەندنەگرتنی پێویستیی هەڵگرتنی گەمارۆ و بەستنەوەی غەززە بە خاکی فەلەستینەوە و ڕایگەیاند کە بڕیارێکی لەو شێوەیە لە چوارچێوەی دابەشکردنی جوگرافیای فەلەستین و پشتیوانیکردن لە سیاسەتە داگیرکارییەکانی رژێمی سەهیۆنی لە بوارەکانی لکاندن، پاکتاوکردن و کۆچی زۆرەملێدایە.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
بەلەمەکانی رژێمی داگیرکەر کە لە باشووری غەززە دەورییەیان دەدا تەقەیان کردە سەر ماسیگرانی فەلەستینی.
ڕاگەیەندرا کە ٣٠٩ کەس کە لە پارێزگای قەندەهار لە باشووری ئەفغانستان کە بە ماددە هۆشبەرەکان ئالوودەبوونەتە بە تەواوی چاکبوونەتەوە و لەگەڵ خێزانەکانیان یەکتریان بینیوە.
پوشلین، پارێزگاری دۆنێتسک ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی شەوانەی ئۆکرانیا، دوو وێستگەی کارەبای گەرمی زیانیان بەرکەوتووە.