هۆشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی تەواوی دانیشتووانی غەززە ڕووبەڕووی قەیرانی توندی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە نزیکەی ٩٦ لەسەدی دانیشتووانی غەززە ڕووبەڕووی ئاستی کارەساتباری کەمیی خۆراک بوونەتەوە و جەختی کردەوە کە زیادکردنی دەستبەجێی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەم ناوچەیە پێویستە، تاوەکو پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت، پاڵپشتی لە دانیشتووانە زیانلێکەوتووەکان بکرێت.
تۆم فلێچەر، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و ڕێکخەری هاوکارییە بەپەلەکان، بە ئاماژەدان بە شەپۆلەکانی بارانبارینی ئەم دواییە، سەرما و لافاوەکان وتی، "فەلەستینییەکانی غەززە دوای بارانبارینەکانی ئەم دواییە ڕووبەڕووی سەرما و لافاو بوونەتەوە و بەهۆی لەناوچوونی پاشماوەی سامانە کەمەکەیان، نائومێدییەکی زیاتر ئەزموون دەکەن."
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی لە هەوڵدان بۆ گەیاندنی هاوکاری، بەڵام پێداویستییەکان زۆر لە توانای بەردەست زیاترن. هەروەها داوای هەڵگرتنی ئەو بەربەستانەی کرد کە ماونەتەوە بۆ ناردنی هاوکاریی زیاتر.
فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاماژەدان بە سەختتربوونی بارودۆخی ژیان بەهۆی بارانی بەخوڕ و سەرمای زستانەوە، ڕایگەیاند کە نووسینگەی ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ١٨ ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیی چالاکییە ژیانییەکان لە سەرانسەری غەززە تەرخان کردووە.
هەروەها، شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتیی ڕامیز ئەلئەقبەرۆف، ڕێکخەری کاروباری مرۆیی لە خاکە فەلەستینییەکان، سەردانی چەندین نەخۆشخانە و کەمپی ئاوارەکانی لە غەززە کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی مرۆیی و پێداویستییە تەندروستییەکانی ئەو ناوچانە بوو.
لە هەمان کاتدا، بانکی جیهانی ڕاپۆرتی داوە کە ڕێژەی هەژاری لە غەززە گەیشتووەتە نزیکەی لەسەدا ١٠٠ و زیاتر لە ٨٠ لەسەدی دانیشتووانی چالاکی ئەم ناوچەیە بێکارن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی کەشوهەوا بە بارانبارین و بای توندەوە بووە هۆی ژێرئاوکەوتنی دەیان هەزار خێمەی ئاوارەکان؛ لە شوێنێکدا کە فەلەستینییەکان دوای دوو ساڵ جەنگی وێرانکەر و وێرانکردنی خانوەکانیان لەلایەن رژێمی سەهیۆنییەوە، دواین پەناگە و سامانی خۆیان لەدەست دا.
ئەم ڕاپۆرتانە جارێکی دیکە دەریدەخەن کە غەززە لە قەیرانێکی مرۆیی توند و ئاڵۆزدایە و پێویستییەکی بەپەلە بە پاڵپشتیی جیهانی و ناردنی هاوکاریی مرۆیی هەیە بۆ ڕێگری لە کارەساتێکی بەرفراوان.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣یەوە لە کەرتی غەززە گەشتە ٦٩ هەزار و ٥١٣ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٧٠ هەزار و ٧٤٥ کەس.
رژێمی سەهیۆنی لە کەرتی ڕۆژئاوا بە کۆمەڵ لێپرسینەوەی لە سەدان فەلەستینی کردووە و ماڵ و حاڵی وێران کردووە و وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان هێناوە.
بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامیی حەماس لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی دوژمنی سەهیۆنی سەبارەت بە بوونی دامەزراوەی سەربازی لە کەمپی عەین ئەلحلوە بە تەواوی بێ بنەما و درۆی پەتی وەسف کرد و ئەو هێرشەی بە توندی ئیدانە کرد.