ترامپ: ڕێککەوتنی غەززە نزیکە، حەماس مەرجەکانی ڕاگەیاند

دۆنالد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیوادارە بەم نزیکانە ڕێککەوتن لەسەر غەززە بکرێت و سەرجەم زیندانییەکان ئازاد بکرێن. بەڵام حەماس ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان ڕاگەیاند بەمەرجی ئەوەی شەڕ کۆتایی پێبێت و کشانەوەی تەواو لە غەززە بەدی بهێنرێت.
دۆنالد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەکاتی گەڕانەوەی لە نیویۆرک بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، سەرنجیان لەسەر پرسی غەززەیە و وتی، "ئێمە کار لەسەر چارەسەرێک دەکەین کە دەکرێت زۆر باش بێت، بەم نزیکانە گوێبیستی دەبن، ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەم دۆخە و گەڕانەوەی زیندانییەکانە."
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە بەشێک لە زیندانییەکان گیانیان لەدەستدابێت، بەڵام "ئامانج ئەوەیە هەموویان بگەڕێنرێتەوە، یان جەستەیان بگەڕێندرێتەوە."
ترامپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال وتی، "ئیسرائیل مەرجەکانی منی قبوڵکردووە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە حەماسیش ئەو مەرجانە قبوڵ بکات، ئەمە دوا هۆشداریی منە، چیتر نابێت."
بە پێی ڕاپۆرتی ئەکسیۆس، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارێد کوشنەر زاوای ترامپ، پێشنیاری واشنتۆن بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە غەززە لەگەڵ ڕۆن دێرمەر بەناو وەزیری کاروباری ستراتیجی رژێمی سەهیۆنی تاوتوێ کرد.
وەڵامی حەماس
حەماس لە بەیاننامەکەیدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە "ناوەندگەران هەندێک لەو بیرۆکانەیان گەیاندووە کە لایەنی ئەمریکی پێشکەشیان کردووە" و ڕایگەیاند کە ئامادەن دەستبەجێ لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن بە مەرجی "کۆتاییهێنان بە شەڕ و کشانەوەی تەواو لە غەززە و دامەزراندنی لیژنەیەکی سەربەخۆی فەلەستینی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە."
کۆڕبەندەکە کە نوێنەرایەتی بنەماڵەی زیندانیانی رژێمی سەهیۆنی دەکات، گەرەنتی کەسیی ترامپ بە "پێشکەوتنێکی مێژوویی" وەسف کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆڕبەندەکەدا هاتووە کە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە "چارەسەری ناوچەیی بەهێزتر دەکات و ئازادکردنی سەرجەم زیندانییەکان مسۆگەر دەکات و ڕێگە بە سەربازەکان دەدات بگەڕێنەوە ماڵەوە."
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ڕۆژنامە داگیرکەرەکان بڵاویان کردۆتەوە، پلانی ئەمریکا داوای ئازادکردنی ٤٨ زیندانیی بزووتنەوەی حەماس لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستدا دەکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی هەزاران زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی داگیرکەر. هەروەها بڕیارە دانوستانەکان لە ماوەی ئاگربەستدا دەستپێبکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە تەواوەتی شەڕەکە بهێنێت.
پێشنیاری ناوبژیوان کە لە ١٨ی ئابدا پێشکەش کرابوو، ئاگربەستی دوو مانگە و ئاڵوگۆڕی وردە وردەی ئەسیرەکان لەخۆگرتبوو. حەماس ئەم پێشنیازەی قبوڵ کرد، بەڵام رژێمی سەهیۆنی بەو مەرجەی کە کۆنترۆڵی ئەمنی بپارێزێت و حەماس چەک دانێت ڕەتکردەوە.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر باڵەخانەیەک کە بەرپرسانی حەماس تێدابوو کردە ئامانج.
بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین سووتاندنی گوندەکانی کەرتی ڕۆژئاوا و داوای تۆڵەسەندنەوە لە خەڵک لە لایەن بەناو وەزیرەکانی حکوومەتی رژێمی سەهیۆنی بە توندی ئیدانە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سیاسەتانە تاوانێکی ڕوون.
سەرییەکانی قودس لقی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین ڕاگەیاند کە ڕێگریان لە دزەکردنی "هیزێکی تایبەت"ـی سوپای داگیرکەر کردوون و دوای ئۆپڕاسیۆنەکە دەستیان بە سەر ژمارەیەکی زۆر ئامێری سەربازی و هەواڵدەریدا گرتوون.
ڕێکخراوی بەرگری شارستانی غەززە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا پێنج باڵەخانەی بەرز و سەدان خێمە وێران کران و هەزاران خێزان بێ ماڵ و حاڵ بوون و "غەززە دەسوتێت، مرۆڤایەتی لەناو دەچێت" و داوای هاوکاریی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.